“نزیكه‌ی‌ (11000) ملیۆنه‌ر له‌هه‌رێمدان”

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ تائێستا  هیچ ئامارێكی‌ فه‌رمی‌ له‌هه‌رێمدا نییه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ ژماره‌ی‌ ملیۆنه‌ره‌كان، به‌ڵام وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ كوردستان باس له‌وه‌ده‌كات، له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ده‌وروبه‌ری‌ (3380) كه‌س هه‌ن، كه‌ سامانیان له‌سه‌ر‌وو (5) ملیۆن دۆلاره‌وه‌یه‌.
(یاسین مه‌حمود) وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ كوردستان له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ بە NNA راگەیاندوە، كاتێك باس له‌ژماره‌ی‌ ملیۆنه‌ره‌كانی‌ هه‌رێم ده‌كرێت، ده‌بێت ده‌ستنیشانی‌ ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ بكرێت، كه‌ سامانه‌كانیان له‌سه‌ر‌وو پێنج ملیۆن دۆلاره‌وه‌یه‌، وتیشی‌:”به‌پێنج ملیۆن دۆلار پێوانه‌ی‌ وه‌به‌رهێنه‌ر بكه‌ین باشتره‌ له‌وه‌ی‌، پێوانه‌ی‌ سه‌رمایه‌دار‌و بازرگان‌و ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ملیۆن له‌هه‌رێم ژماره‌ نییه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان”.
سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی‌ ئه‌و ملیۆنه‌رانه‌ی‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ده‌وروبه‌ری‌‌و سامانه‌كانیان له‌سه‌ر‌وو پێنج ملیۆن دۆلاره‌وه‌یه‌، (یاسین مه‌حمود) وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ كوردستان له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، مه‌رج نییه‌ ئه‌و ژمارانه‌ی‌ كه‌ له‌ڕابردوودا ئاماژه‌یان بۆكراوه‌ به‌ته‌واوی‌ دروستبن، چونكه‌ ئامارێكی‌ فه‌رمی‌ نیه‌ تا ژماره‌ی‌ ملیۆنه‌ران ده‌ستنیشان بكات له‌هه‌رێم، به‌ڵام نزیكن له‌ڕاستیه‌وه‌، هه‌روه‌ها ژماره‌ی‌ ئه‌و ملیۆنه‌رانه‌ی‌ كه‌ سه‌روه‌ته‌كانیان له‌سه‌روو پێنج ملیۆن دۆلاره‌وه‌یه‌ له‌هه‌رێم (10) هه‌زار‌و (800) ملیۆنه‌رن.
(یاسین مه‌حمود) وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ كوردستان له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نزیكه‌ی‌ (23-25) كه‌س سامانه‌كانیان له‌سه‌ر‌وو ملیارێك دۆلاره‌وه‌یه‌، له‌كۆی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ش (4-5) ده‌كه‌ونه‌ پارێزگای‌ سلێمانیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌گۆڕانكاریدایه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك ملیۆنه‌ری‌ زۆر له‌كوردستاندا هه‌ن، كه‌ سامانه‌كانیان له‌سه‌ر‌وو پێنج ملیۆن دۆلاره‌وه‌یه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌میان پیاون‌و ئافره‌تیان تێدا نییه‌.