لەدۆڵی‌ جافایه‌تی‌ وه‌رزی‌ ترێ رنین ده‌ستیپێكرد


له‌ دۆڵی‌ جافایه‌تی‌ وه‌رزی‌ ترێ رنین ده‌ستیپێكرد، بێ بازاڕی‌ زۆرێك له‌ خاوه‌ن ره‌زه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ناچاركردوه‌ ترێكانیان بكه‌ن به‌ مێوژ، حكومه‌تیش كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ڵێنی‌ دروستكردنی‌ كارگه‌یه‌كی‌ له‌قوتونانی‌ به‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ داوه‌، ئه‌م سامانه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ پشتگوێ خستوه‌.

دۆڵی‌ جافایه‌تی له‌ ناحیه‌ی‌ سورداش ترێ هه‌مو شتێكی‌ داپۆشیوه‌، ساڵانه‌ش له‌ كۆتاییه‌كانی‌ وه‌رزی‌ هاوین خاوه‌ن ره‌زه‌كانی‌ ده‌ست ده‌كه‌ن كۆكردنه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م.

ساغكردنه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م له‌ بازاڕدا ئێستا خه‌می‌ گه‌وره‌ی‌ خاوه‌ن ره‌زه‌كانه‌، هاورده‌كردنی‌ ترێ له‌ ده‌ره‌وه‌، بازاڕی‌ ئه‌مانی‌ په‌كخستوه‌، هه‌ندێكیان له‌ بێ بازاریدا به‌ ناچاری‌ ترێكه‌یان ده‌كه‌ن به‌ مێوژ. 

كاربه‌ده‌ستانی‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ڵێنیان به‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ داوه‌ كارگه‌یه‌كی‌ له‌قوتونانیان بۆ دروست بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه‌ هێشتا هه‌ر وه‌كو به‌ڵێن ماوه‌ته‌وه‌‌و نه‌چوه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردن.

وه‌كو زۆربه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ تری‌ كوردستان كه‌ ترێی‌ لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، له‌ دۆڵی‌ جافایه‌تیش ترێ چه‌ند جۆرێكی‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌ كه‌ باون و خاوه‌ن ره‌زه‌كان بایه‌خیان پێده‌ده‌ن.