کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین ھەفتانە لە سلێمانییەوە ٩ گەشتی ئاسمانیمان بۆ ئیستانبوڵ و ئانتاڵیا ھەیە

ساڵانە و لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین و جەژنەکانی رەمەزان و قورباندا، ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی شارەکانی ھەرێمی کوردستان روو لە وڵاتی تورکیا دەکەن بۆ گەشتکردن و بەسەربڕدنی کاتێکی خۆش لە ھاوینەھەوار و ناوچە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتەدا، ئەمساڵ بە بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیاران زیاتر بووە.
 
بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، تاھیر عەبدوڵڵا لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند “لە ئێستادا و بە بۆنەی نزیکبونەوەی جەژنی قوربانەوە، ژمارەی گەشتیاران زیادی کردووە و لە نێو فرۆکەخانەی سلێمانی رۆژانە قەرەباڵەخی زۆرمان لەسەرە”.

لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە ،ھەفتانە ٨٠ تا ١٠٠ گەشتی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت، و لەو ژمارەیەش لانی کەم رۆژانە سێ گەشتی تورکیا ھەیە کە چوار ھێڵی ئاسمانی تورکی و عێراقی (تورکیش ئێر لاین، ئەتڵەس جێت، پێگاسۆس و ھێڵی ئاسمانی عێراقی) گەشتەکانیان بۆ شارەکانی ئیستانبوڵ و ئانتالیا ئەنجام دەدەن.

بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی سلێمانی باس لەوە دەکات، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە رێگەی ئەو ھێڵانەوە گەشت بۆ تورکیا دەکەن، ئەو گەشتیارانە بە تایبەت بۆ شارەکانی ئیستانبوڵ و ئانتالیا دەچن و لەوێوە دەچنە شارە گەشتیارییەکانی دیکەی تورکیا.

کۆمپانیای دەی ھۆڵیدەی یەکێکە لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی شاری سلێمانی و رۆژانە لە رێگەی ئەم کۆمپانیایەوە دەیان کەس گەشت بۆ تورکیا دەکەن، خاوەنی کۆمپانیاکە دڵشاد رەشید لەو بارەیەوە رایگەیاند: “ئەمساڵ دۆخی گەشتیاری بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زۆر گۆڕاوە و ساڵی پار خەڵکی دۆخی سیاسییان لەبەرچاو دەگرت و نەیان دەویست زۆر پارە خەرج بکەن، بەڵام ئەمساڵ چەند بەرامبەر جیاوازە و خەڵکێکی زۆر گەشت دەکەن و ھەموو گەشتەکانمان بە پڕی دەڕوات”.

ئەو وتی: “ھەفتانە چەندین گەشتمان ھەیە بۆ وڵاتان، بەڵام گەشتیاران زیاتر حەز بە گەشتکردن بۆ تورکیا دەکەن بەھۆی نزیکی ھەردوولاوە لە رووی کولتوورى و ئابوورییەوە ، ھەروەھا بەھۆی بونی گەشتی راستەوخۆی نێوان سلێمانی و تورکیاوە گەشتیاران زیاتر خواستیان لەسەر گەشتکردنە بۆ ئەو وڵاتە”.

خاوەنی ئەو کۆمپانیا گەشتیارییە، ئاماژەی بەوەش کرد، بە بۆنەی ھاتنی جەژنی قوربانەوە گەشتەکان زۆر زیادیان کردووە و شوێن نەماوە بۆ گەشتکردن.

ئەو وتی: “بە ھۆی زۆربوونی داواکاری گەشتەوە زیاد لە ١٥ رۆژە ھیچ جێگایەکمان نەماوە بۆ گەشتکردنی تورکیا، بەھۆی ئەوەی زۆر زوو خەڵک شوێنەکانیان کڕیوە بۆ جەژن کە تەنھا لە سلێمانییەوە زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ کەس گەشت بۆ تورکیا دەکەن لە جەژندا، ئێستا ئێمە کار لەسەر دوای جەژنی قوربان دەکەین “.

کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین یەکێکی ترە لە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئاسمانی و ھەفتانە لە سلێمانییەوە حەوت گەشتی ئاسمانی ئیستانبوڵ و دوو گەشتی ئاسمانی ئانتالیایان ھەیە، ھەر گەشتێکیش زیاتر لە ١٠٠ سەرنشینی ھەیە و زۆربەی ئەو کەسانە بۆ گەشتوگوزار دەڕۆن.

بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە دەڵێن زۆربەی زۆری گەشتەکانیان لە پێش مانگێکەوە گیراون و ھاووڵاتییان بلیتی گەشتکردنیان بڕیوە.

بە پێی ئامارەکانی کۆمپانیای تورکیش ئێر لاین، ژمارەی گەشت و گەشتیارانی ئەمساڵ بۆ تورکیا بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەڕێژەی٣٠ لەسەدا زیاتر بووە.