هەرێمی كوردستان و عێراق لە رووی ئابووری و بازرگانی، بازاڕێكی هاوبەشیان هەیە و ئەو بازاڕە هاوبەشەش بەگشتی بە قازانجی هەر دوو لایەن بووە و كاتێك پێوەندییە بازرگانییەكان تێكەڵ بە كێشە سیاسییەكان كراون، هەردوو لایەن زیانیان بەركەوتووە و ئەو كێشەیەش زیاتر لەلایەن بەغداوە هاتووەتە كایەوە.
لە هەرێمی كوردستان كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ خەریكە گەشە دەكات و بەشێكی زۆر لە هۆكاری گەشەی پیشەسازی و كشتوكاڵیش لە هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو بازاڕە بووە كە لە ئاستی عێراقدا سوودی لێ وەرگرتووە. لە هەرێمی كوردستانەوە زۆر لە بەرهەمەكانی وەك مریشك، هێلكە، پەتاتە، میوە بۆ پارێزگاكانی عێراق هەناردە دەكرێت و لەوێشەوە بەرهەمی جیاواز هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
لە لایەك هەرێمی كوردستان رێیەكی ترانزیتییە بۆ گواستنەوەی بەرهەمەكانی توركیا بۆ پارێزگاكانی عێراق و لە لایەكی تریش بەرهەمەكانی وڵاتانی كەنداو لە باشووری عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازرێتەوە.
هەرێمی كوردستان لە هەندێك بەرهەم بە خۆبژێویی گەیشتووە و تەنانەت سەرووی پێداویستییەكان بەرهەم دەهێنێت هۆكاری ئەو پەرەسەندنەش بەشێكی پێوەندیی بە بەرزبوونی داواكاری بۆ بەرهەمەكە لە ئاستی عێراقدا هەیە.
زۆر جار پرسیاری ئەوە كراوە مادام هەرێمی كوردستان لە هەندێك بەرهەمدا سەرووی پێداویستییەكانی ناوخۆ خستنەڕووی هەبووە، بۆچی لە هەمان جۆر بەرهەم لە ئێران و توركیاوە هاوردەی كردووە. بۆ نموونە هەرێمی كوردستان سەرووی پێداویستی ناوخۆ دەتوانێت هێلكە بەرهەم بهێنێت، كەچی لە توركیاوە هێلكە هاوردە دەكات.
هۆكاری ئەم دۆخە پێوەندیی بە هەمان پرسی خستنەڕوو و داخوازی هەیە. هەرێمی كوردستان ئەو هێلكەیەی بەرهەمی دەهێنێت بەشێكی لە ناوخۆ ساغ دەكرێتەوە و بەشێكی بۆ پاریزگاكانی عێراق دێتە ناردن.
جۆری ئەو هێلكەیەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت رەنگەكەی سپی نییە و خەڵكی هەرێمی كوردستان زیاتر حەز بە هێلكەی سپی دەكەن، بۆیە لە توركیاوە هاوردە دەكرێت. ئەگەر هەرێمی كوردستان دەوڵەت با دەیتوانی رێ لە هاوردەكردنی هێلكە بگرێت چۆنكە دەبوو بە ناچاریش بێت پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆ بكات.
ئەگەر گریمانەی ئەوە بكرێت ئێستە رێ لە هاوردەی هێلكەی توركیا بگیرێت، ئەوكات نرخی هێلكە لە ناوخۆ بەرز دەبێتەوە، چونكە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت راستە لە بازاڕی ئابووریدا سەرووی پێداویستی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە، بەڵام لە بازنەی ئابووریی عێراقدا لە خوارووی پێداویستیی هەمووی عێراقە و سەرەڕای ئەوەی كە لە پارێزگاكانی تریش پڕۆژەی كێڵگەی پەلەوەر و مریشك هەن، بەڵام نەیانتوانیوە پێداویستییەكانی هەموو عێراق دابین بكەن.
ئەگەر هەرێمی كوردستان بازاڕێكی لەبار بووبێت بۆ زۆر لە بەرهەمەكانی توركیا و ئێران، ئەوا لە داهاتوودا ئەگەر هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەتیش، ئەوا ناتوانێت خۆی لە بازاڕی عێراق داببرێت، چونكە بازاڕەكەی بازاڕێكی لەبارە بۆ بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان.
ئیسماعیل محمەد لە هۆبەی هاوردە و هەناردەی وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونی كردەوە كە بە وردی نازانرێت چ شتێك لە عێراقەوە بۆ پارێزگاكانی عێراق هەناردە دەكرێت و هیچ دەزگەیەكی تایبەتمەندیش نییە ئەو ئامارە كۆ بكاتەوە، بەڵكو ئەوەی هەیە هەر ئەوەیە لە میدیا و زاری خەڵكەوە گوێبیسی دەبن و ئامارەكان تەنیا لەو دەروازانە دەست دەكەون كە فەرمین و دیارە چ شتێك هاوردە دەكرێت و چ شتێك هەناردە دەكرێت.
بە هۆی ئەوەی مەرزێكی فەرمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا نییە و هێشتا لە رووی یاسایییەوە یەك وڵاتن، هەردوو بە یەك بازنەی ئابووری لە سنوورەكان بەرهەم هاوردە یان هەناردە دەكەن.
هاوردەكردنی بەرهەم لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو بۆ هەموو عێراقە و ئەو پرسە بۆ هەموو ئەو شتانەش راستە كە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێن.
ئەگەر هەرێمی كوردستان لە عێراق جیا ببێتەوە، ئەوكات روونتر دەردەكەوێت هەرێمی كوردستان بە گشتی چ بەرهەمێك لە دەرەوە هاوردە دەكات و چ بەرهەمێكش هەناردە دەكات. هەناردەی هەرێمی كوردستان لە بازنەی دەروازە نێودەوڵەتییەكان و مەرزە نیودەوڵەتییەكانی عێراق، ئەوەندە كەمە كە شایانی باسكردن نییە، بەڵام لە ئاستی سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەرزە، بەڵام چونكە حیسابی یەك دەوڵەتیان بۆ دەكرێت، لە ئامارەكاندا ناكەوێتە بازنەی هەناردەی كەلوپەلی بەرهەمهێنراو.
هەڵبەت هەندێك جار سیاسەتی هەردوو حكوومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستان لە پێوەندییە ئابوورییەكانیان هاوشێوەی دوو دەوڵەت بووە، تەنانەت گومرگیشیان بەسەر بەرهەمەكانی یەكتردا سەپاندووە و دواتر دووبارە لایان بردووە.
بەگشتی عێراق بازاڕێكی لەبارە بۆ بەرهەمەكانی كوردستان، چونكە ئەوەی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ عێراق دەگوازرێتەوە، هیچ گومرگێكی لەسەر نییە و زۆر باشترە لەوەی لە ئێران هاوردەی بكات و گومرگی بێتە سەر، پێوەندییەك كە پێچەوانەكەشی دروستە.
زۆریك لە بازرگان و وەبەرهێنەر و جووتیارەكانی هەرێمی كوردستان بەو هیوایەی بەرهەمەكانیان هەناردەی مووسڵ و بەغدا و پاریزگاكانی تری عێراق دەكرێت، پەرە بە بەرهەمهێنان دەدەن كە لە داهاتوودا پێ دەچێت ئەو پێوەندییە لە پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆی عێراقەوە بۆ هەناردەی بەرهەمی وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر دێتە گۆڕین.