جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دلشاد شەعبان رایگەیاند “هەرێمى کوردستان یەکێکە لە گرنگترین و نزیکترین سەرچاوەى دابینکردنى وزە بۆ تورکیا”.
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دلشاد شەعبان لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵ وتى: “پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا لە گەشەسەندنى بەردەوامدایە و لە ئێستادا لە لایەن حکوومەتى تورکیا و حکوومەتى هەرێمیشەوە بەردەوام کار لەسەر بەرزکردنەوەى رێژەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان هەردوولا دەکرێت، گەشبینییەکى زۆریش هەیە کە رێژەى ئاڵوگۆڕ لە ئایندەدا بەرز بێتەوە، چونکە حکوومەتى تورکیا ئامانجیەتى لە رووى دابینکردنى وزەوە ببێتە یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانى جیهان، لێرەشدا هەرێمى کوردستان یەکێک لە گرنگترین و نزیکترین سەرچاوەى دابینکردنى ئەو وزەیەیە بۆ تورکیا کە نزیکەى ٥٠ لەسەدى وزەى تورکیا دابین دەکات”.
وتیشى: “ئەو یەدەگە وزەیەى کە هەرێمى کوردستان هەیەتى یەکجار زۆرە، ئەگەر تورکیا پشتى پێ ببەستێت و بیەوێت سوودى لێوە ببینێت بەشى ١٧٧ ساڵى دیکەى تورکیا دەکات، هەڵبەت ئەمە بۆ هەرێمى کوردستانیش سوودى زۆرى دەبێت”.
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دلشاد شەعبان لەبارەى داخستنى سنوورەکان بە هۆى ئەنجامدانى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان دەڵێت “تورکیا لە ساڵى ١٩٩٠ لە کاتى کۆچى ملیۆنى گەلى کورد پشتى لە خەڵکى هەرێمى کوردستان نەکردووە، وەک پەنابەر دەرگاى بە رووى خەڵکى هەرێم کردووەتەوە و کەمپى بۆ کردوونەتەوە و چەندین خزمەتگوزارى پێشکەش کردن، جا ئەگەر ئێستا دەنگێکى ناشاز هەبێت بانگەشەی ئەوە بکات کە تورکیا سنوور بە رووى هەرێمى کوردستان دادەخات، ئەمە لە دەنگۆیەکى ناڕاست هیچى تر نییە، چونکە تورکیا ئەو وڵاتە نییە پشت لە مرۆڤایەتى بکات و رەوشتى ئایینى و نەتەوەیی تورکیا ئەمە قبووڵ ناکات بەرامبەر هیچ نەتەوەیەک نەک تەنها گەلى کورد، کەواتە سنوور داخستن بە هیچ شێوەیەک روونادات”.
دلشاد شەعبان ئەوەیشى وت “دەبێت باش لەوە تێبگەین پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا دامەزراوەیین و ئەنجامدانى ریفراندۆم هیچ کاریگەرى نەرێنى ناخاتە سەر پەیوەندییەکان، هەروەها دەبێت تورکیا و وڵاتانیش لەوە تێبگەن ئەگەر سنوورى بە رووى هەرێمى کوردستان دابخرێت کە ئەمە لاوازترین ئەگەرە، ئەوە سنوور داخستە بە رووى پارێزگاى نەینەوا، بەغدا و بەسرە و تەواوى عێراق و چەندین وڵاتى دیکەى عەرەبى، چونکە هەرێمى کوردستان پردى پێکبەستنەوەى زەمینى تورکیایە بە عێراق و وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست”.
دەشڵێت “هەرچەند هیچ ئەگەرێک نییە بۆ داخستنى سنوورەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان لە لایەن تورکیاوە، بەڵام لە ئەگەرى داخستنى سنوورەکانى تورکیا و ئێران بە رووى هەرێمى کوردستان، ئەو کاتە هەرێمى کوردستان ناچار دەبێت بیر لە دەرگایەکى دیکە بکاتەوە کە ئەویش سووریا، ئەمەیش بۆ تورکیا جێگەى رەزامەندى نییە، بۆ هەرێمیش ئەگەر ئاسانیش نەبێت، بەڵام لە سیاسەتدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە”.
– فرۆشتنى نەوت و دارایی هەرێم
دلشاد شەعبان ئاماژەى بە بەرزبوونەوەى نرخى نەوتدا و وتى: “بەرزبوونەوەى نرخى نەوت پێویستە بۆ ماوەیەکى زۆر بەردەوام بێت، تا کاریگەرى لەسەر دۆخى دارایی هەرێم هەبێت، ئەگەر بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بەردەوامى هەبێت، دۆخى دارایی هەرێم باشتر دەکات، بەڵام بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ چەند کاتژمێرێک یان بۆ چەند رۆژێک هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، چونکە شێوازى گرێبەستەکان بە تێکڕاى نرخە، بۆ نموونە لە ماوەى سێ مانگدا سەرجەم داشکان و هەڵکشانەکانى نرخى نەوت لە تێکڕایەک کۆدەکرێنەوە و دابەشى سەر ٩٠ رۆژ دەکرێت یەک نرخى جێگیر بۆ سێ مانگ دەردەچێت”.
ناوبراو ئاشکراى دەکات کە لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠ بلۆکى نەوتى دیکە لە هەرێمى کوردستان ئامادەى وەبەرهێنانى نەوتن، ئەمەیش گرنگى خۆى هەیە بۆ بەرزکردنەوەى رێژەى بەرهەمهێنانى ئاستى نەوتى هەرێم، لە ئێستاشدا زیاتر لە ٥٢ کۆمپانیاى نەوتى بەردەوامن لە کارەکانیان، ئەو کۆمپانیایانەى لە کارەکانیان بەردەوامن هەندێکیان دوو بلۆکى نەوتیان هەیە و هەندێکیشیان یەک بلۆکى هاوبەشیان هەیە، ئەوەى گرنگ لە بەرهەمهێنانى نەوت بەردەوامن”.
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت “گرێبەستى کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان شەراکەتە، بۆ نموونە کۆمپانیایەک بە دوو ملیار دۆلار لە بلۆکێکى نەوت نەوتەکە بەرهەم دەهێنێت و دەیفرۆشێت، دواى دانەوەى ئەو گوژمە پارەیە بە کۆمپانیاکە لە لایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئەو کاتە حکوومەت لە هەر بەرمیل نەوتێک ٩٣ لە سەدى لە داهاتى نەوتى بۆ دەگەڕێتەوە و ٧ لەسەدى بۆ ئەو کۆمپانیایە دەبێت کە نەوتى لێ دەردەهێندرێت، لەو ٧ لە سەدییە ٣ لە سەدى بۆ پڕۆژەى بوژاندنەوەى کۆمەڵایەتى دەبێت ٤ لەسەدى بۆ کۆمپانیاکە دەبێت”.
لەبارەى بڵاونەکردنەوەى راپۆرتى مانگانەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى حکوومەتى هەرێم دلشاد شەعبان گلەیی لە وەزارەستى سامانە سروشتییەکان دەکات و دەڵێت “ئێمە بەدواداچوونمان کردووە بۆمان دەرکەوتووە کە کۆمپانیاى دیلۆت کە لەگەڵ حکوومەتى هەرێم گرێبەستى کردووە بۆ ئەوەى چاودێرى داهاتى نەوتى هەرێم بکات، رێگرە لەوەى وەزارەت راپۆرتەکانى مانگانەى بڵاوبکاتەوە، هەرچەند ئەوە نابێتە هۆکار بۆ ئەوەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان راپۆرتى مانگانەى بڵاونەکاتەوە، بەڵام لەوانەیە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان هۆکارى دیکەیان هەبێت، چارەسەریش بۆ ئەم کەیسە ئەوەیە پێویستە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان راپۆرتى هەموو ئەو مانگانە بڵاوبکاتەوە کە بڵاوى نەکردووەتەوە هەموو هاووڵاتییان لەوە ئاگادار بکەنەوە و کە مانگانە چەند بەرمیل نەوت فرۆشراوە و داهاتەکانیشى چەند بووە”.