وەزیری خوێندنی باڵا‌: زانكۆكان داهاتی زۆریان هەیە، توانیویانە كارو بارەكانیان بەڕێوەببەن


د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیەنێت: دەبێت لەو داهاتەی دێتە زانكۆكان هاوكاریەكی مانگانەی مامۆستایان بكرێت‌و هەر زانكۆیەكیش تاوەكو 15ی تشرینی یەكەم بودجەیەكی خەمڵێنراو بۆ ساڵی 2018 دیاری بكات. 

ئەم راگەیاندنەی وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم لەمیانی كۆبونەوەیەكیدا هات لەگەڵ سەرۆكی زانكۆكان‌و تیایدا د.یوسف گۆران وتی: ساڵی پار كە پڕۆژەی خۆبەڕێوەبردنی زانكۆكانمان دەستیپێكرد یەكەم وەزارەت بووین بەپڕۆژە دەستمان بە ئەلكترۆنیكردنی سەرجەم پرۆسەكانی داهات كرد، بەو هۆیەشەوە زانكۆكان داهاتی زۆریان بۆ هاتووەو توانیویانە كارو بارەكانیان بەڕێوەببەن، بەوەش توانیمان خەونێكی لە مێژینەی زانكۆكان بەدەست بێنین كە سەربەخۆیی دارایی بوو، بەڵام یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە شێوازی بەڕێوەبردنی كاروباری دارایی هەر ئەو پەیكەرە كارگێڕیەیە كە پێشتر هەبووە، ئەوەش لەگەڵ ئەو داهاتە زۆری زانكۆكان ناگونجێ.

وتیشی: دەبێ میكانزمێك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەو داهاتەی دێتە زانكۆكان هاوكاریەكی مانگانەی مامۆستایانیش بكەین.

هاوكات سەرۆكی زانكۆكان چەندین پێشنیاز و بۆچوونیان خستەڕوو بۆ ڕاییكردنی كاروبارەكان‌و لە كۆتایشدا كۆبوونەوەكە گەیشتە ئەو بڕیارەی كە دەبێت میزانی موراجەعە لەكاتی خۆیدا ڕەوانەی وەزارەت بكرێت‌و كۆمیتەیەكی داهات بۆ هەڵسەنگاندنی شێوازی خەرجكردنی داهاتەكان دروست بكرێت‌و یەكە ژمێریاریەكان یەكبخرێن‌و پێویستە هەر زانكۆیەكیش بودجەی خەمڵاندنی ساڵی ٢٠١٨ تا ڕێكەوتی 15ی تشرینی یەكەم دیاری بكات.