ئێران داوا له‌هه‌رێم ده‌كات هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری نێوان هه‌ردولا دروستبكرێت

كۆماری ئیسلامی ئێران داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات هێڵی شەمەندەفەری نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان دروست بكرێت. بەپێی پرۆژەكەش دروستكردنی هێڵەكە ‌كۆماری ئیسلامی ئێران بە هه‌رێمی كوردستان و له‌هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێرو دهۆك به‌یه‌كەوە ده‌به‌ستێته‌وه.‌
 
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی وەزیری گواستنەوەی گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەولود باوەموراد، ئەمڕۆ(پێنجشەممە)، پێشوازی كردوە لە سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، مورتەزا عەبادی.
 
بەپێی راگەیەندراوەكە سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌هه‌ولێر ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی خستۆتە‌ڕو كه‌ مه‌به‌ست لێی گفتوگۆكردن بوە له‌سه‌ر پرۆژه‌ی دابینكردنی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌نێوان وڵاتی ئێران و هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی نێوان هه‌ردولا بۆ گواستنه‌وه‌ی وزه‌و سوته‌مه‌نیه‌كان و كه‌لوپه‌لی بازرگانی و گه‌شتیاران.
 
مەولود باوەموراد، وه‌زیری گواستنه‌وه ‌و گه‌یانیدن لە دیدارەكەدا رایگه‌یاندوە كە هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر هه‌یه‌و ئاماده‌یی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان ده‌ربڕیوە بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت پرۆژه‌كه‌ له‌باشترین و پێویستترین و خێراترین ده‌روازه‌ی سنوری نێوان هه‌ردولا بێت و له‌خزمه‌تی هاوڵاتیانی هه‌رێم بێت و هاوڵاتیان سه‌ره‌كیترین سودمه‌ندبن لێی.
 
وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن ئاماژه‌ی به‌قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی كوردستان كردوە كه ‌له‌ئێستادا ناتوانرێت بودجه‌یه‌ك بۆ هیچ جۆرێك له‌و پرۆژانه‌ دابین بكرێت، بۆیه‌ داوای كردوە، كۆماری ئێران هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكات و توێژینه‌وه‌و به‌دواداچونی ورد بكات بۆ شێوازو ورده‌كاریه‌كانی پرۆژه‌كه‌و به‌زوییش بخرێته‌ كاره‌وه.
 
بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەرەكە ‌كۆماری ئیسلامی ئێران‌ بە هه‌رێمی كوردستان و له‌هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ریه‌كه‌ له‌شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێرو دهۆك به‌یه‌ك ده‌به‌ستێته‌وه.
 
له‌ كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌ش وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن ئاماژەی بەوەداوە كە‌ پرۆژه‌كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڵاڵه‌ بكرێت و سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش له‌هه‌ولێر له‌ڕێگای وه‌زاره‌ته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی وڵاته‌كه‌ی هه‌نگاوه‌كان ده‌ستپێبكات .