بەھۆی درووستکردنی ئاستەنگ و سوکایەتی پێکردنیان لە سنوری ئێران دا لەلایەن پاسدارانی مەرزی باشماخەوە، ماوەی دوو ڕۆژە شۆفێری ئوتومبێلە بارھەڵگرەکانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لە سنوری ھەرێمی کوردستان مانیان گرتووەو ناچنە سنوری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بارکردنی بارو گواستنەوەیان بەو ھۆیەشەوە ماوەی دوو ڕۆژە جموجوڵی بازرگانی لە باشماخ دا وەستاوە، شۆفێری ئوتومبێلە بارھەڵگرەکانی مەرزی باشماخ ڕایدەگەیەنن تا بەڵێنی چارەسەری ئەو گرفتەیان پێنەدرێت واز لە مانگرتن نایەنن.
بەڕێوبەری گشتی مەرزی باشماخ ڕایگەیاند: لەوبارەیەوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە کۆماری ئیسلامی ئێران باس لە چارەسەری گرفتەکە کراوەو لە رۆژی پێنجشەممەوە شۆفێرەکان دەستبەکارکردن دەکەنەوە.