هاوردەكردنی زێڕ لە 114 تۆنەوە بۆ 40 تۆن دابەزیوە

بەرپرسێكی وەزارەتی
پلاندانان دەڵێت بەهۆی قەیرانی دارایی و راگرتنی پێشینەكان و هێرشەكانی داعش لە سێ
ساڵی رابردوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی زێڕ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان لاواز بووە
و هاوردەكردنیشی بە رێژەی 65% كەمی كردووە
.


 

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی
كۆنترۆڵی جۆریی خشڵ، هاوردەكردنی زێڕ لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2013 گەیشتبووە
لوتكە، لەو ساڵەدا لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە 114 تۆن زێڕ لە
ئیمارات و توركیاوە هاوردە كراوە، بەڵام لە سێ ساڵی رابردوودا بڕی هاوردەكردنی زێڕ
بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بەجۆرێك لە ساڵی 2014دا تەنیا 77 تۆن و لە 2015دا 56
تۆن و ساڵی رابردووش تەنیا 40 تۆن هاوردەكراوە، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی 2013 بە
رێژەی نزیكەی 65% كەمی كردووە
.


 

بەكر عەزیز، بەڕێوەبەری
كۆنترۆڵی جۆریی خشڵ لە وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند “بەهۆی قەیرانی دارایی و
راگرتنی پێشینەكان و هێرشی داعش لە سێ ساڵی رابردوودا، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی زێڕ لە
هەرێمی كوردستان زۆر لاواز بووە، ئەمەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەی هاوردەكردنی زێڕ، بۆ
نموونە لە ساڵی 2013دا بە بەهای زیاتر لە چوار ملیار دۆلار زێڕ هاوردە كرا كە نزیكەی
114 تۆن بوو، بەڵام ساڵی رابردوو هاوردەكردنی زێڕ بۆ 40 تۆن دابەزی
“.