پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی، لەسەر ئاستی جیهان لەبواری بەرهەمهێنانی وزەدا بەپرۆژەی ساڵ دەستنیشان دەكرێت، بەڵام وەك بەڕێوەبەری گشتی وێستگەكە ئاماژەی پێدەكات وێڕای بونی توانا، پشتیوانی ناكرێنو لەئێستادا زیاتر لەیەك ملیارو 500 ملیۆن دۆلاریان لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
گۆڤارێكی ئەمریكی تایبەت بەهەڵسەنگاندنی پرۆژە نوێكان، ساڵانە هەڵدەستێت بەدیاریكردنی باشترین پرۆژەكان لەسەر ئاستی جیهان لەبوارە جیاجیاكاندا. دادوەرانی گۆڤارەكە لەنێو پرۆژەكانی بەشدارەكانی شەش كیشوەری جیهاندا پرۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانییان، بەباشترین پرۆژەی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان لەبواری وزەدا هەڵبژاردوە.
بەڕێوەبەری گشتی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی ئەوە دەستكەوتێكی گەورە بۆ سلێمانیو هەرێمی كوردستان ناودەباتو ئاماژەی بەوەشدا كە پرۆژەكەیان لەبواری وزەدا لەسەر بنەمای توانای بەرهەمهێنان، كوالێتی بەرز، دیزاین، رێكارەكانی سەلامەتی، پاراستنی ژینگە، بەپرۆژەی ساڵ هەڵبژێردراوە ئەوەش لەكاتێكدایە كە كوردستان بەقەیرانی داراییدا تێپەڕدەبێت.
پرۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی، لەساڵی 2017 تەواوكراوەو كۆمپانیای ماس كە كۆمپانیایەكی خۆماڵییە خاوەنییەتیو لەلایەن كۆمپانیای ئینكای توركییەوە وەك بەڵێندەر جێبەجێكراوە.
وێستگەكە توانای بەرهەمهێنانی 1500 مێگاوات كارەبای هەیەو لە8 تۆرباین پێك دێتو بەدو جۆری سوتەمەنی غازو گازوایل كاردەكات.
یەكێك لەجیاكەرەوە گرنگەكانی پرۆژەكە ئەوەیە كە لەو 1500 مێگاوات كارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت، 1000 مێگاواتی بەهۆی سوتەمەنییەوە بەرهەمدەهێنرێتو 500 مێگاواتەكەی دیكەی بەسودوەرگرتن لەو وزەی گەرمیو هەڵمەی كە لەئەنجامی سوتاندنی سوتەمەنی 8 تۆرباینەكەوە دەكەوێتەوە، بەرهەمدەهێنرێت.
حكومەتی هەرێم ناتوانێت سوتەمەنی تەواو بۆ وێستگەكە دابین بكات
ئەندازیار ئارام عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی وێستگەكە رونیكردەوە كە هەر یەك لەتۆرباینەكانی وێستگەكە ئەگەر بەگازوایل كاربكات لەكاتژمێرێكدا پێویستی بە36 هەزار لیتر گازوایل هەیە، بەڵام لەكاتی كاركردنیدا بەغاز، هەر یەك لەتۆرباینەكان پێویستی بە25 ملیۆن پێ سێجا غاز هەیە بۆ یەك رۆژ.
باسی لەوەشكرد بەهۆی كەمی سوتەمەنییەوە كە بەیەكێك لەكۆسپەكانی بەردەم كاركردنیان ناوی دەبات، لەئێستادا شەش لەتۆرباینەكانی وێستگەكە كاردەكەنو وتیشی”سوتەمەنییەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابین دەكرێت بەڵام بەهۆی قەیرانەوە لەساڵی 2014ەوە حكومەتی هەرێم گازوایلی دابین نەكردوەو تەنیا غازی دابین كردوە ئەوەشی كە دابینی دەكات بەشی كارپێكردنی 6 تۆرباینی وێستگەكە دەكات”.
بەوهۆیەوە لەئێستادا بەوتەی ئارام عوسمان وێستگەكە رۆژانە 750 بۆ 850 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت.
حكومەت زیاتر لەیەك ملیارو 500 ملیۆن دۆلار قەرزاری كۆمپانیاكەیە
كۆمپانیای ماس، خاوەنی هەرسێ پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی، هەولێرو دهۆكەو بەپێی وتەی ئارام عوسمان لەماوەی ئەم چەند ساڵەی قەیرانی داراییدا زیاتر لەیەك ملیارو 500 ملیۆن دۆلار قەرزیان كەوتۆتە لای حكومەتی هەرێمی كوردستانو ئەوەش بەیەكێكی دیكە لەكۆسپەكانی بەردەم كاركردنی تەواوەتی وێستگەكان دەزانێت.
وتیشی”تەنیا ماوەی یەك دو مانگێكە، بڕە پارەیەكیان بۆ خەرجكردوین بۆ ئەوەی بتوانین سیانەی وێستگەكان بكەین، چونكە راستیەكەی لەبەر بێ پارەیی سیانەمان پێنەدەكراو خەریك بۆ ئەو تۆرباینانەش بوەستن كە ئێستا كاردەكەن.
ئاماژەی بەوەشدا كە لەو قەرزە حكومەت تاوەكو ئێستا هیچی پارەیەكی نەداونەتەوەو مانگانەش قەرزەكانیان لەسەر حكومەت زیاد دەكات.
ئەگەر سوتەمەنی تەواو بۆ وێستگەكان دابین بكرێت كارەبای تەواو دەدرێتە هاوڵاتیان
لەگەڵ ئەوەی پرۆژەیەكی لەو شێوەیەی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی لەسەر ئاستی جیهان وەك پرۆژەی ساڵ هەڵبژێردراوە بەڵام هێشتا حكومەت رۆژانە تەنیا چەند كاتژمێرێكی كەم كارەبای نیشتمانی دەداتە هاوڵاتیان.
ئارام عوسمان لەوبارەیەوە وتی”ئەوەی ئێمە ئەنجاممان داوە نیشانەی ئەوەیە كە كۆمپانیا خۆماڵییەكان توانایان بەرزەو دەتوانن كاری ئاست بەرز ئەنجام بدەن بەڵام ئەمە پێویستی بەپشتیوانی حكومەتە”.
ئاماژەی بەوەشدا كە هەرێم غازی زۆرەو حكومەت دەبێت بیر لەپەرەپێدانی كێڵگە غازییەكان بكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لانیكەم بەشی وێستگەكان غاز دابین بكاتو وتیشی”دڵنیام ئەگەر سوتەمەنی بۆ هەمو وێستگەكان دابین بكرێت ئەوە قەیرانی كارەبا نامێنێت چونكە ئێمە لەروی توانای بەرهەمهێنانەوە كێشەمان نییەو ئەوەش پێویستی بەئیرادەیە”.
“فرۆشتنی كارەبا بەحكومەتی عێراق ئاساییە”
بەڕێوەبەری گشتی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە رێككەوتنێكی سەرەتایی هەیە بۆ ئەوەی كارەبا بفرۆشرێت بەحكومەتی عێراق بۆ موسڵ، ئەوەش بەشێوەیەك كە سوتەمەنی وێستگەكان لەلایەن حكومەتی عیراقییەوە دابین بكرێت.
ئارام عوسمان ئەو كارە بەكارێكی ئاسایی ناودەبات. ئەو وتی “چونكە لەئێستادا خۆمان ناتوانین سوتەمەنی بۆ هەمو تۆرباینەكانی ئەو وێستگانە دابین بكەین”.
بڕیارە لە25ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا پرۆژە براوەكانی پێنجەمین ساڵی گۆڤاری ئینجینیەرین نیوزریكۆرد لەنیویۆرك لەرێوڕەسمێكدا رێزیان لێ بنرێتو كۆمپانیای ماس-یش بۆ ئەو رێوڕەسمە بانگهێشتكراوە.
ئاوێنە