نرخی کارەبا دەبێتە چوار ئەوەندە


بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنن: لەسەر داوای بانکی نێودەوڵەتی نرخی پێدانی یەک کیلۆوات کارەبای بۆ ناوچە پیشەسازی وبازرگانی و دوکان و شوێنە گشتییەکان لە (25) دینارەوە بۆ (130) دینار دەکات، بەوپێیە نرخی یەک کیلۆوات زیاتر لە (420%)ی نرخەکەی بەرزکراوەتەوە بەبەراورد بەساڵی رابردو.

عەبدولڕەحمان عەلی رەزا، ئەندامی لیژنەی بازرگانی و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: بەبێ رەچاوکردنی ئەو تەنگەژە و قەیرانە داراییەی کەسێ ساڵە بەرۆکی خەڵکی هەرێمی کوردستانی گرتوە و بەتەواوی کاریگەری کردوەتە سەر جموجوڵی بازرگانی و پیشەسازی لەهەرێمدا، نرخی کارەبا (420%) زیادی کردوە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردودا چەندین دوکاندار و کاسپکاری ناو بازاڕەکان پەیوەندییان کردو ناڕەزایی و نیگەرانیان دەربڕی لەسەر زیادکردنی کرێی کارەبا لەسەریان، دوای پەیوندیی کردن بەبەرپرسانی باڵای وەزارەتی کارەبای هەرێم زیادکردنەیان گەڕاندەوە بۆ پێشنیاری وەزارەتی کارەبای هەرێم و داواکاری و خواستی بانکی نێودەوڵەتی.

بیانویەکی دیکەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا ئەوەیە کە ئەو پارەیەی پێشتر وەردەگیرا و کۆدەکرایەوە کەمتربوە لە (5٪)ی ئەو پارەیەی بۆ تێچونی کارەبا خەرجکراوە چونکە یەک کیلۆوات کارەبا لەهەرێمدا بڕی (17) سەنت تێچونەکەیەتی، بەڵام (2بۆ3) سەنت لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت، بەم زیادکردنی نرخە لەسەر چەند شوێنێک هێشتا کەمتر (60%)ی ئەو پارەیە دەکات کە بۆسێکتەری کارەبا خەرجدەکرێت.

بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا؛ پێشنیازی زیادکردنەکە گشتگیربوە واتا بۆ هاوڵاتیان و پڕۆژە کشتوکاڵی و ناوچە بازرگانی و پیشەسازییەکان، بەڵام حکومەت لەئێستادا تەنها نرخەکەی بۆ ناوچە بازرگانی و پیشەسازییەکان زیادکردوە و نرخی کارەبای ماڵان و پڕۆژەی کشتوکاڵییەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە، جگە لەوەی نرخی کارەبای دام و دەزگا حکومییەکان نرخەکەی زۆر زیادی کردوە بەشێوەیەک بۆ یەک کیلۆوات (150) دینار وەردەگیرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی خستەڕو کە؛ ئەو بڕیاری زیادکردنی نرخە لەکاتێکدایە کە پێش پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان و لەساڵی (2015)، سەڵاحەدین بابەکر وەزیری پێشوی کارەبا و ستافەکەی هاتنە نێوهۆڵی پەرلەمان بۆ باسکردن لە کێشە و گرفتەکانی کارەبا، رایانگەیاند کە؛ (250) ملیار دیناریان قەرز لای هاوڵاتیانی هەرێم و حکومەتە، سەیر لەوەدا بو لەو بڕە (136) ملیار دیناریان قەرزبو لای هەمو هاوڵاتیانی هەرێم، لەبەرمبەردا حکومەت بەتەنها خۆی زیاتر لە (113) ملیار دینار قەرزداری وەزارەتی کارەبای کابینەکەی خۆی بو.

وتیشی :”بڕیارێکی لەو شێوەیە لە ئان وساتێکی وەک ئێستا کەهەرێمی کوردستان بەقەیرانێکی قوڵی داراییدا گوزەر دەکات، بڕیارێکی ئێجگار نالۆجیکی و ناڕەوایە و قورساییەکی زۆری تردەخاتە سەرشانی هاوڵاتیان بەگشتی چونکە زیادکردنی هەرنرخێک یان باج و رسوماتێک لەکۆتاییدا هەر هاوڵاتیان باجەکەی دەدەن و قوربانیدەری یەکەمیش هەر ئەوان دەبن، هاوکات راستەوخۆ کاریگەری دادەنێت لەسەر کەمتر بونەوەی جموجوڵی بازرگانی و کڵۆم کردنی دەرگای چەندین کارگە، جگە لەوەی کەبە هەزاران دەستی کار لەکاردەخات وڕێژەی بێکاریش زیاتر دەکات”.