سلێمانی.. فرۆشتنی قارچکی فەل قەدەغە کرا


سەرۆکی لێژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، قەدەغەکردنی فرۆشتنی قارچکی فەل و دەست بەسەرداگرتنی بڕێک قارچکی فەلی لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند.

گۆران قادر، سەرۆکی لێژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، ڕاگەیاند: “لەبەر نەزانینی ماوەی بەسەرچوونی ئەو قارچکانەی لە بازاڕەکاندا بەشێوەی فەل (ھەڵڕژاو) دەفرۆشرێن، لەھەر شوێن و جێگایەکدا بفرۆشرێت دەستی بەسەردا دەگیرێت، بۆیە داوا لە فرۆشیاران دەکەین بەھیچ شێوەیەک کڕین و فرۆشتنی پێوە نەکەن”.

سەرۆکی لێژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەوەشی خستە روو: “پێکھاتەی خۆراکیی قارچک بەشێوەیەکە کە ناتوانرێت بۆماوەی زیاتر لە 7 ڕۆژ بەکار بھێنرێت، چونکە بە تێپەڕبوونی ئەوماوەیە بەھا خۆراکییەکەی لەدەست دەدات و دەبێت بە مادەیەکی ژەھراوی و مەترسی بۆسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت”.

ئاشکراشی کرد: “لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لێژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر بڕێک قارچکی فەلی ماوە نەزانراودا گرتووە و لەناو براون، بۆیە پێویستە خەڵک خۆیان لە رووەکە بە دوور بگرن، ئەگەر ماوەکەی نەزاندراو بوو”.