سەرۆکی ژوور: ھەوڵەکانمان بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆی بەردەوامە

بۆھاندانی زیاتر و گرنگیدان بەکەرتی پیشەسازی بچوک و بەرھەمی ناوخۆی خەڵاتی ڕێزلێنان دەدرێتە کارگەی نانی خەجێ خانم سەرۆکی ژوور ڕایدەگەیەنێت ھەوڵەکانمان بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆی ڕو لە زیادبونە.

عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند “كارگەی خەجێ خانم کە چەندین جۆر نان  بەرھەم دەھێنێت لەشاری سلێمانی توانیویەتی هەلی کارکردن بۆ ٢٥٠ هاووڵاتی برەخسێنێت کە %٧٥ ژنن و بەرھەمی کوردواری بەرھەم دەھێنن”.

ئاماژەی بەوەشدا “وەک وەزارەت پشتگیری تەواوی ئەم کارگەیە دەکەین بەدانانی باج و ڕسومات لەسەر بەرھەمە دەرەکیەکان بەتایبەتی لەسەر  ئەوبەرھەمانەی لەناو خۆدا بەرھەم دێنێت”.

وەزیری کشتوکاڵ راشیگەیاند ”بەپێی ئەو زانیارانەی لەبەردەستماندایە بەتەنھا لە ساڵی  ٢٠١٥ بڕی یەک ملیار و ٢٠٠ ھەزار دۆلار چۆتە دەرەوە بۆ بەرھەمەکانی شیرەمانی”.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “مۆڵەتی کارکردنی کارگەی خەجێ خانم لەلایەن ژووری بازرگانیەوە پێی دراوە کە بەسەدان کارگەی وامان ھەیە لە ئێستادا لە سلێمانی کاردەکەن بەڵام بەداخەوە ھیچ ھاوکاریەک نەکراون لەلایەن حکومەتەوە بەھەوڵی خاوەنکاران  دروستکراون”.

ڕاشیگەیاند “حکومەت دەبێت بیر لەوە بکاتەوە شوێنی شیاو بۆ ئەم جۆرە کارانە دابنێت وەک پێویست ھاوکاری کارگە ناوخۆیەکان بکات و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکات لە پێدانی غاز وە ئەو جۆرە مادانەی لە دەرەوە دێت باجی زیاتریان بخرێتەسەر کە چەندین جار ڕێگریمان کردووە لەکۆمپانیا ئێرانیەکان کە بەنیازبون ئەو ناوە بەناوی خۆیان تۆمار بکەن و ڕێگەمان نەداون”.

سەردار حەمە خاوەنی کارگەی نانی خەجێ خانم ڕایگەیاند” ئێمە بەردەوامین لەسەر کارەکانمان کە توانیومانە بەشێک لە بازار لە بەرھەمی ناوخۆی پڕکەینەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا لە کارگەکەیاندا مانگانە بەبڕی  ١٠٠ ملێۆن دینار موچەدەدەن مانگانە بڕی ٥٠ ھەزار تۆن ئارد ساغ دەکەینەوە کەئاردەکە تورکیە و نەتواندراوە سود لەئاردی ناوخۆی بدینن کە گەنمی کوردستان بۆئارد زۆر باش نیە.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی خەڵاتی ھاندان و مانەوەی کارکردنی پێشکەشی کارگەی خەجێخانم کرد.