لە ئێران ژیان ساڵ بە ساڵ قورستر دەبێت


خەرجی مانگانەی هەر خێزانێكی ئێرانی كە لە ناو شارەكان دەژیت، بەراورد بە ساڵێك پێشتر 11.4% زیادی كردووە. خزمەتگوزاری خانوو، خۆراك و خواردنەوە، نزیكەی 60%ی خەرجی هەر خێزانێكی شارنشین پێك دێنێت.

بانكی ناوەندیی ئێران خەرجیی ساڵانەی هەر خێزانێكی شارنشینی ئێرانی بۆ ساڵی رابردووی بە 39 ملیۆن و 300 هەزار و 587 تمەن راگەیاند كە دەكاتە 10 هەزار و 600 دۆلار، دەری دەخات بەراورد بە ساڵێك پێشتر چوار ملیۆن تمەن بەرز بووەتەوە كە دەكاتە هەزار و 81 دۆلار.

ئەو لێكۆڵینەوەیە دەری دەخات خەرجیی خێزانەكان مانگانە 90 دۆلار بەرز بووەتەوە. ساڵی رابردوو مانگانە هەر خێزانێكی ئێرانی كە لە شار ژیابێت، ئەوا بۆ خەرجییەكانی پێویستی بە 880 دۆلار بووە.

ئەوەی لێرەدا جێی نیگەرانیی خەڵكی ئێرانە، ئەوەیە ئەو پارەیەی بەهۆی مووچە دەستەبەری دەكەن، بەشی خەرجییەكانی مانگانەیان ناكات و هەموو مانگێك هەموو خێزانێك پێویستی بە 66 هەزار و 855 تمەنی تر هەیە تا داهاتی مانگانەی لە كورتی نەدات.

بە پێی لێكدانەوەكان، لە خەرجی ساڵانەیاندا هەر خێزانێكی ئێرانی كە لە شار دەژیت، بە بڕی 216 دۆلار تووشی كورتی خەرجییەكانی دەبێت و بە واتایەكی تر ساڵانە دەبێت 216 دۆلاری تر بە قەرز وەربگرێت یان هەوڵی دابینكردنی بدات بۆ ئەوەی بە هۆیەوە بتوانێت خەرجییەكانی دابین بكات.

بەگوێرەی رادیۆ زەمانێ، تێكڕای داهاتی نەپاڵاوتووی مانگانەی هەر خێزانێك لە ساڵی رابردوودا، بریتی بووە لە سێ ملیۆن و 269 هەزار تمەن، یان 880 دۆلار كە بەراورد بە ساڵێك پێشتر 11.3% بەرز بووەتەوە.

خزمەتگوزاری نیشتەجێبوون گەورەترین خەرجی
35.5%ی خەرجیی هەر خێزانێك  بۆ خەرجییەكانی تری وەك كارەبا و ئاو و گاز دەڕوات و ئەو جۆرە خەرجییەش بەراورد بە ساڵێك پێشتر 12.9% بەرز بووەتەوە. هەر خێزانێك ساڵانە 13 ملیۆن و 943 تمەن بۆ ئەو جۆرە خەرجییانە لە ساڵێكدا دەدات كە دەكاتە سێ هەزار و 760 دۆلار.

خەرجیی خۆراك و خواردنەوە دووەم خەرجیی گەورەی خێزانەكانە و 22.9%ی پشكی سەرجەم خەرجییەكانی بەردەكەوێت. ئەو جۆرە خەرجییەش لە ئێران بەراورد بە ساڵێك پێشتر 8% زیادی كردووە.

بەو پێیە خەرجیی خواردن و خواردنەوە و خزمەتگوزاری، 58.4%ی خەرجییەكان لەخۆ دەگرێت. پشكی ئەو خەرجییانە ساڵێك پێشتر 60.4% بوو.

پێشتر پسپۆڕان لەسەر دابەزینی پشكی خەرجیی خۆراك و خواردنەوە هۆشدارییان دابوو و خێزانەكانی ئێران بۆ ئەوەی داهاتەكەیان بەشی خەرجییەكەیان بكات، هەوڵیان داوە لە كوالێتی خۆراك كەم بكەنەوە، بۆیە پشكی ئەو جۆرە خەرجییە بەگوێرەی راپۆرتی بانكی ناوەندیی دابەزیوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی ئێران، خوانی خێزانەكانی ئێران لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیكەی 8% بچووكتر بووەتەوە، ئەمەش دەری دەخات خەڵكی ئێران گوشارێكی زۆریان لەسەرە و ئەوەی پەیدای دەكەن بەشی خەرجییەكانیان ناكات.

خوێندن و گەڕان
ئەو گوشارەی خراوەتە سەر ژیانی خەڵك لە ئێران، هۆكار بووە لەوەی پشكی خەرجیی خوێندن و گەشت و سەیران لە خەرجییەكان زۆر كەم ببێتەوە و خەڵك كەمتر پارە بۆ بواری فێربوون و سەیران و گەڕان خەرج بكەن، چونكە ئەوەی هەیانە بەشی ئەو هەمووە  خەرجییە ناكات.

بۆ نموونە شتومەك و كەرەستەی بواری فێركردن و خۆشگوزەرانی هەر كامێكیان 1.9%ی خەرجیی خێزان پێك دەهێنن و هەر خێزانێك مانگانە تەنیا 15 دۆلار بۆ ئەو بوارە تەرخان دەكات كە بڕێكی زۆر كەمە.

 ساڵی رابردوو هەر خیزانێكی ئێرانی چوار ملیۆن و 185 هەزار تمەن، واتە هەزار و 100 دۆلاری بۆ خەرجییەكانی گواستنەوە تەرخان كردووە و بەراورد بە ساڵێك پێشتر ئەم جۆرە خەرجییەش 16% زیادی كردووە.

پشكی دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشكیش لە خەرجییەكانی مانگانەی هاووڵاتییان، بریتییە 5.9% و ئەو جۆرە خەرجییەش بەراورد بە ساڵێك پێشتر 12.7% زیادی كردووە.

لە كاتێكدا ژیانی خەڵكی ئێران قورستر دەبێت كە حەسەن رووحانی سەرۆك كۆمار بەردەوام لە میدیاكان باسی ئەوە دەكات حكوومەتەكەی توانیویەتی رێژەی هەڵاوسان كەم بكاتەوە و توانای خەڵك بۆ كڕینی شتومەك بەرز بكاتەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە لە هەرێمی كوردستان هیچ دەزگەیەك یان دامەزراوەیەك نییە لێكۆڵینەوە بۆ خەرجی و داهاتەكانی خەڵك بكات.

پرسیار ئەوەیە لە هەرێمی كوردستان خەرجی و داهات تا چەندە وەڵامدەری یەكترن. تا بەر لە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە داهات لە سەرووی خەرجییەكانەوە بوو، بەڵام دوای سیستەمی پاشەكەوت زۆرێك لە خێزانەكان داهاتی مانگانەیان بەشی خەرجییەكانیان ناكات.