سلێمانی.. خواست لەسەر ئامێرە کۆنە کلاسیکییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە



ئەنوەر مەحمود کاسبکارێکی بازاڕی شاری سلێمانییە و ساڵانێکی زۆرە دوکانی چاککردنەوە و فرۆشتنی ئامێرەکانی رادیۆ و تەسجیل و تەلەفۆنی ھەیە، ئەو دەڵێت: “بەشێک لە ھاووڵاتیانی شاری سلێمانی و خاوەن دوکان و چایخانە و کۆگا و شوێنە جیاجیاکانی دیکە، وەک مۆدێک روو لەو ئامێرە کۆنانە دەکەنەوە و لە ماڵ و شوێنەکانی خۆیان نمایشی دەکەن و چێژ لە بینینیان وەردەگرن”.

ئەو ئامێرە کۆنانەی لە دوکانەکەی ئەنوەر دانراون، مێژووەکەیان بۆ ٥٠ تا ١٠٠ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە و نرخی ئەو ئامێرانەش لە ٥٠ دۆلارەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە ھەزار دۆلاری ئەمریکی.

ئەو دەڵێت: “کەسانێک ھەن بەتایبەت بە دوای ئەم ئامێرانەدا دەگەڕێن و گوێیان لە گرانی نرخەکان نییە و بەھەر نرخێک بێت دەیانەوێت بەدەستی بخەن”.

رێبوار سەعید دوکاندارێکی دیکەی ناوبازاڕی شاری سلێمانییە و کاری فرۆشتنی ئەو ئامێرانە دەکات، وتی: “بەشێکی ئەو ئامێرانە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانەوە دەھێنین و بەشێکی دیکەیشی لەناوەوە بۆمان دێت و دەیانکڕینەوە، خەڵکانێکی زۆر خواستیان لەسەر ئەم ئامێرانە ھەیە و سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی و سستی بازاڕ، بەڵام ھاووڵاتیان خواستیان لەسەر کڕینی ئەم ئامێرانە هەیە”.

حەسەن ئەحمەد دانیشتوی شاری سلێمانییە و دوای کڕینی رادیۆیەکی کۆنی کلاسیکی بە ٣٥٠ دۆلاری ئەمریکی لە یەکێک لەو دوکانانە، وتی: “وەک خولیایەک ئەم رادیۆ کۆنەم کڕیوە و لەماڵەکەی خۆم بۆ جوانی دایدەنێم بۆ ئەوەی بەردەوام لەبەرچاوم بمێنێتەوە و یادگارییە کۆنەکانم بەبیر بھێنێتەوە، ئامادەش نییم بەھیچ نرخێک ئەو رادیۆیە بفرۆشمەوە یان لەدەستی بدەم”.