فیلمێكى كوردى له‌ماوه‌ى 3 مانگدا به‌شدارى 25 فێستیڤاڵى جیهانى ده‌كات


فیلمی ئه‌نیمه‌یشنى كوردى (بێده‌نگى ئاسمان) له‌ده‌رهێنانى جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌فێستیڤاڵى عه‌ره‌ب فیلم فێستیڤاڵ له‌ رۆته‌ردام به‌شدارى پێشبڕكێى سه‌ره‌كى ده‌كات‌و كێبڕكێى بردنه‌وه‌ى خه‌ڵات ده‌كات. 

ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌باره‌ى به‌شدارى فیلمه‌كه‌ى له‌و فێستیڤاڵه‌دا رایگه‌یاند “فیلمه‌كه‌ به‌شدارى له‌فێستیڤاڵى عه‌ره‌ب فیلم فێستیڤاڵ له‌ رۆته‌ردام ده‌كات‌و كێبڕكێى بردنه‌وه‌ى خه‌ڵات ده‌كات”.

 وتیشى “فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ 11 بۆ 15ى تشرینى یه‌كه‌مى 2017 له‌وڵاتى هۆڵه‌ندا ئه‌نجام ده‌درێت”. 
(بێده‌نگى ئاسمان) نوێترین به‌رهه‌مى سینه‌مایى ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كره‌ و به‌سپۆنسه‌رى عه‌باس فازڵ عه‌بدولره‌حمان خاوه‌نى زانكۆى نۆلج به‌رهه‌مهێنراوه‌ و به‌ر له‌م فێستیڤاڵه‌ش له‌چه‌ندین فێستیڤاڵى سینه‌مایى نێونه‌ته‌وه‌یى به‌شدارى كردوه‌‌و چه‌ند خه‌ڵاتێكیش پێبه‌خشراوه‌، له‌وانه‌ خه‌ڵاتى باشترین سیناریۆ له‌خولى چواره‌مى فێستیڤاڵى نێونه‌ته‌وه‌یى سینه‌مایى زانكۆى بابل‌و پێدانى خه‌ڵاتى برۆنزى له‌به‌شى فیلمه‌ ئه‌نیمه‌یشنه‌كانى فێستیڤاڵى سینه‌مایى باشورى جۆرجیا كه‌له‌وڵاتى كه‌نه‌دا ئه‌نجامدرا و له‌ماوه‌ى ته‌نها 3مانگدا به‌شدارى 25 فێستیڤاڵى سینه‌مایى جیهانى، كردوه‌. 

سیناریۆى فیلمه‌كه‌ پشتیوان عه‌بدوڵا نوسیویه‌تى‌و كارى گرافیك‌و ده‌نگ له‌لایه‌ن سه‌باح شادى‌و كارى موزیكى فیلمه‌كه‌ش رامتین لهۆنى جێبه‌جێى كردوه‌.

(بێده‌نگى ئاسمان) كورته‌ فیلمێكى ئه‌نیمه‌یشنه‌‌و له‌باره‌ى خه‌ونه‌كانى مرۆڤه‌ بۆ ئازادى‌و له‌باره‌ى چیرۆكى فیلمه‌كه‌شه‌وه‌ جبرائیل ئه‌بوبه‌كر ده‌ڵێت “فیلمه‌كه‌ باس له‌خه‌ونى مرۆڤ ده‌كات بۆ ئازادى، به‌وپێیه‌ى كه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت رێگا له‌ئازادى بگرێت‌و به‌ربه‌ستى بۆ دروست بكات”. 

وتیشى “ماوه‌ى فیلمه‌كه‌ 100 چركه‌یه‌ و به‌رهه‌مى ساڵى 2017-یه‌”.
جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر ره‌حمان له‌دایكبوى ساڵى 1983ى شارى هه‌ولێره‌، له‌ساڵى 2001ه‌وه‌ ده‌ستیداوه‌ته‌ كارى سینه‌مایى و له‌نزیكه‌ى 40 كورته‌ فیلمدا یاریده‌ده‌رى وێنه‌گر بوه‌ و له‌ 13 فیلمى سینه‌مایى درێژیشدا یاریده‌ده‌رى وێنه‌گر بوه‌ و له‌ساڵى 2010ه‌وه‌ كارى ده‌رهێنانى سینه‌مایى ده‌كات و هه‌تا ئێستا چوار كورته‌ فیلمى به‌رهه‌مهێناوه‌ و نزیكه‌ى 20 خه‌ڵاتى نێوخۆیى و جیهانیشى به‌ده‌ستهێناوه‌.