بۆرسە.. قازانجی زۆرو زەرەری زۆر “هەمانە لەهەفتەیەكدا 50 دەفتەری دەستكەوتووەو هەشمانە 50 دەفتەری زەرە كردووە”

بۆرسەكانی سلێمانی پارەیەكی زۆر یان تێڕژاوە، بەڕێوەبەرانی بڕ‌و رێژەی ئەو پارە زۆرە ئاشكرا ناكەن‌و تەنها دەڵێن رێژەیەكی “زۆرە”، ئەوان ئاماژە بەوەش دەكەن كە بەشداربوویان لە100 دۆلارەوە هەیە تا 500 هەزار دۆلارو بێ‌ كۆتایی…
 
سەمیر غەفور لەتیف كە بەڕٍێوەبەرێكی بۆرسەی سلێمانی پاڵاسە، لەكاتێكدا كە لەبۆرسەكەی نهۆمی دووەمی سلێمانی پاڵاس بۆ گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی دەدوا، ئاماژەی بەوە كرد كە “ئێستا ئەم شوێنەی ئێمەی تیاین، ژوورێكە بەستراوە بەجیهانی دەرەوە”.
ئەو بااسی لەوە كرد كە ئەم بۆرسەیەی سلێمانی باڵاس كۆنترین بۆرسەیە لەعێراقدا‌و لەساڵی 2004ەوە لەلایەن كۆمپانیای ترێندەر سەنتەری ئەمەریكی بۆ ئاڵگۆڕی دراوی جیهانی وەكالەت‌و مۆڵەتی پێدراوە بۆ ئاڵوگۆڕی پشك‌و دراو لەناو سلێمانی.
ئەو وتی “ئەم بۆرسەیە بۆرسەیەكی جیهانییە‌و لەڕێگەی شاشەیەكی ئەلكترۆنییەوە پەیوەندی هەیە بەبازاڕی دراوەكانەوە لەبانكی ناوەندی ئەمەریكا‌و بۆ ئاگاداربوون لەسەر نرخی دراوو گۆڕانكاریی بازاڕەكان پیشتیان بەچەند سایتێكی ئینتەرنێت‌و ژمارەیەك كەناڵی سەتەلایت بەستووە”.
سەمیر ئاماژەی بەوە كرد كە  چەند دراوێكی گرنگی وەكو یەن‌و یۆرۆ پاوەن‌و دۆلار‌و چەند كانزایەكی بەهاداری وەكو زێڕ‌و نەوت‌و زیویان هەیەو رۆژانە بەڕێژە پارەیەكی زۆر ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت، ئەو ئامادە نەبوو كە رێژەی پارەكە ئاشكرا بكات‌و وتی “ناتوانم بیڵێم، رەنگە كەمێك گرفت بێت بۆ ناو بۆرسەكە، تەنها دەڵێم رێژەكە (زۆر)ەو دیاریناكرێت”.
ناوبراو ژمارەی بەشداربووانی ئەم بۆرسەیەی بە300 تا 400 بەشداربوو دیاریكرد كە لە100 دۆلارەوە پێیانە تا 500 هەزار دۆلار‌و بێ‌ كۆتایی. لەدیدی ئەویشەوە گەورەترین گرفتی ئەم بەشداربووانە ئەوەیە كە هەندێكیان زانیاری‌و شارەزاییان نییەو تێناگەن بۆرسە چییە، بەبێ‌ ئەوەی تێبگات دێت شت دەكڕێ‌‌و شت دەفرۆشێ‌، زۆرجار ئەمەش تووشی زەرەری دەكات.، ئەو وتی “لەبەرئەوە ئێمە لێرە كارمەندمان هەیە دانیشتوون بۆ خزمەتی بەشداربووان كە لەگەڵیان دادەنیشن‌و تێیاندەگەیەنن چۆن كاری كڕین‌و فرۆش بكات.
سەمیر ئەوەی روونكردەوە كە گرنگی بۆرسە لەوەدایە كە بەشدار بوو بیەوێ‌ دراو یان كانزاو پشك بكڕێ‌‌و بفرۆشێ‌ دەتوانێ‌ هەر لەماڵەوە لەڕێگەی ئینتەرنێنەتەوە یان بەتەلەفون بەئێمە بڵێ‌‌و كارەكەی ئەنجام بدات، بەشداربووان دەتوانن بەبێ‌ ئەوەی زێڕ‌و نەوت‌و دراوو كانزاكانی تریان لەبەرچاو بێت، كڕین‌و فرۆشێكی ئەلكترۆنی پێبكەن‌و بەپێی ئەو گرێبەستەی ئەم بۆرسانەش لەگەڵا بەشداربووەكانیاندا دەیبەستن، لەهەر كڕین‌و فرۆشێكدا بۆرسە 5 دۆلاری خۆی هەڵدەگرێت.
ئەو وتی “هەیە لەئەورپاوە بڕێك پارەی لێرە داناوەو رۆژانە ئاڵوێری پێوە دەكات، بەشداربوو پێویستی بەوە نییە كە حسابی بانكی هەبێت، ئێمە لێرە بەدەستی پارە وەردەگرین‌و بەدەستیش پارەكە دەدەینەوە”
ئەوەشی روونكردەوە كە بەمدواییە بۆرسەكانی سلێمانی گەشەیەكی زیاتریان بەخۆیانەوە بینیوە، كە بەهۆی بەرزو نزمی نرخی زێڕەوە خەڵكی بایەخیان پێداوە،  ئەو وتی “ئەم ماوەیە كڕین‌و فرۆشی زێڕ زۆر بوو، خەڵكێكی زۆر ئیشیان تیا كرد، قازانج‌و زەرەری زۆریشی تیا كرا، خەڵك هەیە بە 500 دۆلار بەشداریكردووە ئێستا 3 هەزار دۆلاری هەیە، هەشە 3 هەزار دۆلاری پێبوو هیچی پێنەما”.
 زۆرێك پێیانوایە كە بۆرسە پێیوستییەكی ژیانی ئابوری ئەم سەردەمەیەو پێویستە هەرێمی كوردستان بۆرسەی زۆر لەمانەی ئێستا هەن گەورەتری تیا بێت، بەسەرنجدان لەوەی ئەمڕۆ هەواڵی بۆرسە‌و بازاڕی زێڕ‌و نەوت بەشێكی گرنكە لەهەواڵی ئاژانس‌و میدیاكان. بەڵام وێڕای ئەوەش هێشتا زۆربەی خەڵك زۆر سەریان لەكاری بۆرسە دەرناچێ‌‌و لەم كڕین‌و فرۆشە  ئەلكترۆنییە تێناگەن كە قازانجی زۆرو زەرەریشی زۆرە.
بەشداربوویەك لەبۆرسەیەكی گەلەری رەند كە ماوەی چوار ساڵە بەكاری بۆرسەوە خەریكەو (نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات)،
بەگۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند كە سەیری لەوە دێ‌ كەسێك دێتە ئێرە 20 وەرەقەی پێیە، كەچی 3 كیلۆ زێڕ دەجوڵێنێ‌، ئەو وتی “بەدڵنیایی كە تۆ بەدەفتەرێكەوە دێیت 20 دەفتەر یۆرۆ دەفرۆشریت یان كیلۆیەك ئاڵتون دەجوڵێنیت زەرەر دەكەیت”.
وتیشی “لەبۆرسەدا چەند زەرەر دەكرێت ئەوەندەش قازانج دەكرێت، لێرە بەشداربوومان هەیە لەماوەی هەفتەیەكدا 50 دەفتەری دەستكەوتووە هەشمانە 50 دەفتەری زەرەر كردووە”..