دوای 27 ساڵ لە داخستنی دەروازەی عەرعەر لەگەڵ سعودیە كرایەوە


 دوای 27 ساڵ لە داخستنی، دەروازەی سنووریی عەرعەر لەنێوان عیراق‌و سعودیە كرایەوەو لە ئێستاشدا بەشێوەیەكی رەسمی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەكرێت.

روشدی عانی باڵیۆزی عیراق لە سعودیە تەئكیدی كردەوە، بە مەبەستی  زیاتركردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و پتەوكردنی پەیوەندی ئابووری نێوان هەردوو وڵات، دەروازەی سنووریی وشكانی عەرعەر لەپارێزگای ئەنبار كراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عیراق‌و سعودیە زیاتر لە 2 ملیار ریاڵی سعودیە‌و هەردوو لاش هەوڵدەدەن لەرێگەی دروستكردنی دەروازی ترەوە ئەو ژمارەیە بەرزبكەنەوە.

لای خۆشیەوە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاندوە، نیوەی داهاتی ئەو دەروازە سنووریە بۆ پارێزگاكەیان دەبێت‌و هاوكات دەبێتە هۆی دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆ دانیشتوانی پارێزگاكەیان.