سلێمانی: كۆمپانیاكان پابەند دەكرێن لەگەڵ بەنزیندا نەوت و گازوایل بهێنن


قایمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت: دەبێت كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی سوتەمەنی، لەگەڵ هێنانی بەنزیندا، نەوتی سپی‌و گازوایل هاوردە بكەن، وەك هەنگاوێك بۆ رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخ‌و دابینكردنی پێداویستی بازاڕ.

ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ خاوەنی كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی سوتەمەنی رایگەیاند: بۆ رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخ‌و هاوردەكردنی سوتەمەنی كواڵیتی نزم، چاودێریی ووردی پرۆسەی هاوردەكردنی سوتەمەنی دەكرێت‌و رێگە بەهیچ جۆرە سوتەمەنیەك نادرێت، كە پێچەوانەی مەرج‌و رێنماییە كارپێكراوەكان هاوردە بكرێت.

سەبارەت بە هاوردەكردنی نەوتی سپی‌و گازوایلیش وتی: لەمەودوا كۆمپانیاكان پابەند دەكرێن، لەپاڵ هێنانی بەنزیندا نەوتی سپی‌و گازوایل هاوردە بكەن، ئەمەش بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕ‌و رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، هەروەها لەڕێگەی پارێزگای سلێمانیەوە‌و لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، ئەم رێنماییانە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.