بازرگانان دادو بێدادیانه‌ به‌ده‌ست باج‌و گومرك‌و سه‌رانه‌وه‌


باج‌و گومرگ‌و وه‌رگرتنی‌ چه‌ندین جۆر پاره‌ به‌ناوی‌ جیاوازه‌وه‌، بازرگانانی‌ هه‌راسان‌و جوڵه‌ی‌ بازرگانی‌ له‌كوردستان به‌گشتی‌‌و له‌سلێمانی‌ به‌تایبه‌تی‌ سست‌و لاواز كردوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گومركی‌ باشماخ ده‌ڵێت “ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ له‌ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ناوی‌ دڵنیاییه‌وه‌ یان شتێكی‌ تره‌وه‌ پاره‌ له‌بازرگانان وه‌رده‌گرن، پاره‌كه‌ نه‌بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و نه‌ئێمه‌ٍ ئاگاداری‌ وه‌رگرتنین”.

حاجی‌ به‌كر، خاوه‌نی‌ كۆمپانیای‌ شاره‌زور، كه‌ كۆمپانیای‌ گواستنه‌وه‌یه‌، بێزارو په‌سته‌ له‌و هه‌مو رۆتینه‌ ئیداری‌‌و گومرك‌و باجانه‌ی‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر باره‌كانیان، ئه‌و وتی‌ “جگه‌ له‌پاره‌ی‌ گه‌راجانه‌و قه‌پان‌و مه‌نفێست‌و كوالێتی‌ كۆنترۆل، ئێستا بۆ هه‌ر بارێك 20 هه‌زار دینار پاره‌ی‌ دڵنیایشمان لێوه‌رده‌گرن”!

وتیشی‌ “ئه‌م دڵنیاییه‌ی‌ دایانناوه‌ هیچ سودێكی‌ بۆ ئێمه‌ نییه‌‌و ئیجبارییه‌، كه‌ بارێكمان بۆ دێت ده‌بێت له‌مه‌رزه‌كه‌وه‌205 هه‌زار دڵنیایی‌ بده‌ین، ئه‌مه‌ هیچ ده‌سكه‌وتێكیشی‌ بۆ ئێمه‌ تیا نییه‌، به‌یانی‌ ئوتومبێله‌كه‌م وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆم نابژێرێت، به‌یانی‌ ئوتمبێله‌كه‌م بسوتێ‌‌و ده‌عمیش بكات هه‌ر بۆم نابژێرێت، كه‌واته‌ هه‌ر سه‌رانه‌یه‌و لێمانوه‌رده‌گرن”.

ناوبراو جه‌غت له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌مو ئه‌و پارانه‌ی‌ لێیانوه‌رده‌گیرێت، سه‌ره‌نجام له‌گیرفانی‌ هاوڵاتیان ده‌رده‌چن‌و نرخ له‌سه‌ر كاڵا‌و پێداویستییه‌كانی‌ ئه‌وان زیاد ده‌كرێت، ئه‌و وتی‌ “من زیان بكه‌م ئیشه‌كه‌ ناكه‌م، من زیان ناكه‌م، به‌ڵام هاوڵاتی‌ زیان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی‌ له‌ئێمه‌ وه‌رده‌گیرێت ئێمه‌ له‌هاوڵاتی‌ وه‌رده‌گرینه‌وه‌”.

حاجی‌ به‌كر ئه‌وه‌ رونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م رێوشوێنانه‌ی‌ گومرك‌و باج وه‌رگرتن وایكردوه‌ جوڵه‌ی‌ بازرگانی‌ به‌راورد به‌دو ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر كه‌متر بێت، ئه‌و وتی‌ “چه‌ند هۆكارێك بونه‌ته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ جوڵه‌ی‌ بازرگانی‌ له‌كوردستان لاواز بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێستا گومركێكیان داناوه‌ له‌بانی‌ مه‌قان یان شێراوه‌ كه‌ بارێك ده‌هێنیت له‌باشوری‌ عێراقه‌وه‌ وه‌سڵێكی‌ گومركت بۆ ده‌كات‌و ده‌نوسێت پسوڵه‌ی‌ هێنانه‌ناوه‌وه‌ی‌ ناو هه‌رێم، واته‌ ناوه‌وه‌ی‌ هه‌رێم له‌بانی‌ مه‌قانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، لێره‌ش بۆ هه‌ر بارێك گومركێكی‌ ترت لێوه‌رده‌گرێت”.

ئه‌و وتی‌ “جوڵه‌ی‌ بازرگانی‌ له‌سلێمانی‌ 80% په‌یوه‌سته‌ به‌ئێرانه‌وه‌‌و ته‌نها 20%ی‌ بۆ ناوخۆیه‌، جوڵه‌ی‌ بازرگانی‌ وه‌ك جوڵه‌ی‌ ئاو وایه‌ له‌هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ رێره‌و هه‌بێت رێره‌و بۆ خۆی‌ دروستده‌كات ده‌چێته‌ ئه‌وێ‌، ئه‌م گومركدانانه‌وه‌یه‌ له‌بانی‌ مه‌قان‌و شێراوه‌ وایكردوه‌ ئێستا بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ باره‌كانمان به‌گره‌نتی‌ له‌دوبه‌یه‌وه‌ بنێرین بۆ تاران له‌ڕێگه‌ی‌ به‌نده‌ر عه‌باسه‌وه‌”.

حاجی‌ به‌كر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌م رێوشوێنه‌ وایكردوه‌ ئه‌و كاڵایانه‌ی‌ په‌یوه‌ندییان به‌ئیچرانه‌وه‌یه‌ 90% كه‌می‌ كردوه‌، ئه‌و وتی‌ “به‌ڕێژه‌ی‌ 200% جوڵه‌ی‌ گواستنه‌وه‌‌و بازرگانی‌ كه‌می‌ كردوه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر پار 300 كۆنتێنه‌رمان هه‌بوبێت، ئێستا 100 كۆنتێنه‌رمان هه‌یه‌، هۆكاره‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گومرك دانان له‌نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراقدا، سلێمانی‌‌و كه‌ركوكدا، هه‌ولێر‌و كه‌ركوكدا”.

ناوبراو باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ بۆ بازرگانان ئه‌وه‌یه‌ كاتێك بارێك له‌پێنجوێنه‌وه‌ ده‌هێنرێت بۆ سلێمانی‌ هه‌ندێكجار باره‌كه‌ت له‌رێگه‌ به‌بیانوی‌ جیاواز ده‌گرن‌و ده‌یهێننه‌وه‌ بۆ گومرگی‌ سلێمانی‌‌و شه‌ش رۆژ حه‌وت رۆژ گیر ده‌خۆن به‌ده‌ستیه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ سه‌رله‌نوێ‌ په‌ڵپ‌و بیانوی‌ ناوی‌ كاڵاكه‌ت لێده‌گرن‌و كۆمه‌ڵێك سه‌ریه‌شه‌ی‌ تریان بۆ دروستده‌كرێت، ئه‌و وتی‌ “زۆرهه‌وڵمانداوه‌ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م كێشانه‌ به‌ڵام سودی‌ نه‌بوه‌، ئه‌وه‌نده‌مان داواكارییمان كردو هیچی‌ جێبه‌جێ‌ نه‌بو، وامان لێهاتوه‌ بڵێین هیچ داواكاریمان نییه‌”.

وتیشی‌ “ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ته‌وێت جوڵه‌ی‌ بازرگانی‌ گه‌شه‌ بكات ده‌بێت گومرك كه‌م بكه‌یته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ك بازرگانی‌ مۆزی‌ لێنه‌یه‌ت كه‌ هه‌مو بازرگانی‌ مۆزی‌ ئێران له‌رێگه‌ی‌ ئه‌م كوردستانه‌وه‌ بو، به‌ڵام هاتن كۆمه‌ڵێك كێشه‌یان بۆ ئه‌و بازرگانییه‌ دروستكرد، تا وایلێهات یه‌ك كیلۆ مۆز له‌كوردستانه‌وه‌ نه‌چێت بۆ ئێران‌و هه‌موی‌ له‌به‌نده‌ر عه‌باسه‌وه‌ بڕواته‌ ناو ئێرانه‌وه‌، به‌مه‌ش زیانی‌ گه‌وره‌ به‌كوردستان به‌گشتی‌‌و به‌سلێمانی‌ به‌تایبه‌تی‌ گه‌یه‌نرا”.
خه‌م‌و سكالای‌ حاجی‌ به‌كر، به‌شێكه‌ له‌خه‌مو سكاڵای‌ هه‌مو بازرگانه‌كانی‌ كوردستان كه‌ داواكارن بۆ ئه‌وه‌ی‌ جوڵه‌ی‌ بازرگانی‌ لاواز نه‌بێت، باج‌و گومرك‌و پاره‌ سه‌ندن له‌سه‌ر باره‌كانیان كه‌م بكرێته‌وه‌.

بازرگانێك كه‌ له‌سنوری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ كاڵا هاورده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات‌و پێی‌ باش بو ناوی‌ ئاشكرا نه‌كرێت، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كاتێك له‌سنوری‌ ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ بار ده‌هێنن تا ده‌گاته‌ مه‌رزی‌ باشماخ چه‌ندین جۆر باج‌و گومركیان لێوه‌رده‌گیرێت، ئه‌و وتی‌ “ئه‌م رێوشوێنانه‌ جوڵه‌ی‌ بازرگانییان سست كردوه‌، ساڵی‌ رابردو 1000 ترێله‌م هێناوه‌ بۆ هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌مساڵ‌ نیواونیو كه‌می‌ كردوه‌، تا بارێکمان لەزاخۆوە دەگاتە سلێمانی چوار جار روسماتی لێوەردەگیرێت، لەزاخۆ رسومات ئەدەین، دوای ئەوە لەکەرکوک جارێکی تر رسوماتمان لێدەسەنن، لەبانی مەقان رسوماتمان لێوەردەگرن، ئەو شۆفێرە تورک‌و ئێرانیانەی بارمان بۆ دەهێنن دەچنەوە وڵاتی خۆیان گاڵتەمان پێدەکەن”.

وتیشی‌ “سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئێستا شتێك له‌گومركی‌ سلێمانی‌ په‌یدا بوه‌ مه‌نه‌فێستی‌ دڵنیایی‌ پێده‌ڵێن كه‌ پاره‌ له‌هه‌مو بارێك وه‌رده‌گرن”!

له‌به‌رامبه‌ریشدا، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێیانوایه‌ هه‌مو ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌جوڵه‌ی‌ بازرگانی‌ ده‌كرێت به‌فه‌رمانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گومركی‌ سلێمانی‌، هاوژین سالار عه‌بدولره‌حمان راگه‌یاند ئه‌و بنكه‌ی‌ گومركه‌ی‌ له‌بانی‌ مه‌قان كه‌ سه‌ر به‌گومركی‌ سلێمانیه‌، بنكه‌ی‌ گومركی‌ شێراوه‌ كه‌ سه‌ر به‌گومركی‌ هه‌ولێره‌‌و گومرك له‌و بارانه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ له‌ناوه‌ڕاست‌و باشوری‌ عێراقه‌وه‌ ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، به‌پێی‌ فه‌رمانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و وه‌زاره‌تی‌ داراییه‌ كه‌ له‌نێوان هه‌رێم‌و شاره‌كانی‌ عێراق دانراوه‌‌و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر كاری‌ بازرگانی‌ له‌هه‌رێم كردوه‌، ، ئه‌و وتی‌ “هۆكاری‌ ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی‌ عێراق باره‌كان به‌ته‌واوی‌ گومرك ناكرێن‌و رێوشوێنی‌ ته‌واو به‌رامبه‌ر به‌م بارانه‌ ناگیرێنه‌به‌ر، بۆیه‌ جارێكیتر گومرك ده‌كرێنه‌وه‌”.

وتیشی‌ “له‌سه‌ر بنه‌مای‌ هه‌ندێ‌ زانیاریش ئیجرائات به‌رامبه‌ر به‌شێك له‌و بارانه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌پێنجوێنه‌وه‌ ده‌هێنرێن بۆ سلێمانی‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌نده‌ گل نادرێنه‌وه‌ له‌گومركی‌ سلێمانی‌، مه‌گه‌ر خاوه‌ن باره‌كه‌ ئیمزاو په‌نجه‌مۆری‌ شۆفێره‌كه‌ی‌ دوابخات یان دره‌نگ نوسراو بگاته‌ لای‌ ئێمه‌ ئه‌گینا هه‌ندێك بار یه‌كسه‌ر ئیجرائاته‌كه‌ی‌ بۆ ده‌كرێت”.

سه‌باره‌ت به‌و كۆمپانیای‌ دڵنیاییه‌ش كه‌ ئێستا پاره‌ له‌هاوه‌ن بارو بازرگانه‌كان وه‌رده‌گرێت، ئه‌و وتی‌ “كۆمپانیای‌ دڵنیایی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌گومركه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ به‌ره‌زامه‌ندی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌‌و گشتی‌ گومرك دانراوه‌، من هیچ كه‌سێكم له‌خۆمه‌وه‌ نه‌هێناوه‌ دایبنێم ئه‌وه‌ بۆ دانراوه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌منه‌وه‌ نییه‌”.
وتیشی‌ “نازانم ئه‌م كۆمپانیایه‌ هی‌ حكومییه‌ یان نا”.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گورمكی‌ باشماخیش جه‌غت له‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك له‌ده‌روازه‌ سنورییه‌كان كۆمپانیای‌ حیزبین، چونكه‌ كه‌سی‌ ئاسایی‌ ناتوانن له‌و شوێنانه‌ كۆمپانیا دابنێن‌و پاره‌ له‌خه‌ڵك بسه‌نن.

شاخه‌وان ئه‌بوبه‌كر محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گومركی‌ باشماخ  راگه‌یاند هه‌ر بارێك كه‌ دێته‌ مه‌رزی‌ باشماخه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ئیجرائاتی‌ ئسوڵی‌ هه‌یه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵی‌ بكرێت، قه‌پان 5 هه‌زار دینار ده‌درێت كه‌ پێویسته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئیجرائاتی‌ گومركی‌ له‌سه‌ر پسوڵه‌ی‌ قه‌پان ده‌كرێت‌و بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك 50 دینار وه‌رده‌گیرێت، كه‌ هه‌مویان به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌سیسته‌می‌ ئه‌لكترۆنی‌ گومركه‌وه‌، دواتر ده‌برێنه‌ گومرك كه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ ساڵی‌ 1993 په‌رله‌مانی‌ كوردستان باج ده‌سه‌پێنن به‌سه‌ر ئه‌و بارانه‌ی‌ دێنه‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، مه‌نه‌فێستی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ وشكانی‌ تایبه‌ته‌ به‌حكومه‌تی‌ عێراقی‌ له‌هه‌مو ده‌روازه‌ سنوریه‌كانی‌ عێراقدا هه‌ن‌و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیایه‌ك كردوه‌و داویانه‌ به‌و كۆمپانیایه‌ كه‌ هه‌مو ئوتومبێلێك 25 دۆلاری‌ لێوه‌رده‌گرن‌و مه‌نه‌فێستی‌ بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌و وتی‌ “ئه‌م سێ‌ شته‌، كه‌ یه‌كێكی‌ هی‌ حكومه‌تی‌ عێراقه‌و دوانیشیان تایبه‌ته‌ به‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم ته‌نها باج‌و رسوماتی‌ فه‌رمین، باقی بابه‌ته‌كانی‌ تر هه‌ر پاره‌یه‌كیان لێوه‌ربگیرێت ئێمه‌ وه‌كو گومرك نه‌ئاگامان لێیه‌تی‌‌و نه‌پشتیوانی‌ وه‌رگرتنیشی‌ ده‌كه‌ین”.

وتیشی‌ “نایشارمه‌وه‌ هه‌ندێك كۆمپانیا له‌م ده‌روازانه‌ هه‌ن، كه‌ به‌شێكیان به‌ناوی‌ دڵنیاییه‌وه‌‌و به‌شێكیشیان به‌ناوی‌ شتێكی‌ تره‌وه‌ پاره‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌م پارانه‌ نه‌بۆ حكومه‌ته‌‌و نه‌ئێمه‌ ئاگاداری‌ وه‌رگرتنین”.

ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان گرفتێكی‌ ئیدارییان هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بنكه‌ی‌ پێنجوێن زۆر نزیكه‌ له‌باشماخه‌وه‌، به‌ڵام بنكه‌ی‌ پێنجوێن سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گومركی‌ سلێمانییه‌، ئه‌و وتی‌ “ئێمه‌ش سكاڵای‌ بازرگان‌و هاوڵاتیانمان بۆ هاتوه‌ كه‌ له‌پێنجوێن جارێكی‌ تر باره‌كانمان داده‌گرنه‌وه‌ یان باره‌كان ده‌به‌ن بۆ گومركی‌ سلێمانی‌‌و له‌وێ‌ پێنج شه‌ش رۆژ دواممان ده‌خه‌ن، ئه‌م گلله‌ییه‌ هه‌یه‌و ئاگاداریشین‌و ئه‌م سكاڵایانه‌شمان به‌رز كردوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ گومرك‌و وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ كه‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ بكه‌ن”.

شاخه‌وان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌مه‌رزی‌ باشماخ بازرگانان به‌كه‌مترین كات كاره‌كانیان بۆ رایی‌ ده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ سیسته‌می‌ ئه‌لكترۆنی‌ دانراوه‌‌و كه‌متر له‌كاتژمێرێك هه‌مو رێكارێكی‌ یاسایان بۆ ده‌كرێت‌و ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌كۆمپانیای‌ دڵنیاییش، ئه‌و وتی‌ “هه‌ر كۆمپانیایه‌ك له‌ده‌روازه‌ سنورییه‌كان هه‌بێت هی‌ حیزبه‌، چونكه‌ كه‌سێكی‌ ئاسایی‌ ناتوانێت بێت له‌وێ‌ كۆمپانیایه‌ك دابنێت‌و پاره‌ له‌خه‌ڵك بسه‌نێت، هه‌ر كۆمپانیایه‌كیش به‌هه‌ر ناوێكه‌وه‌ پاره‌ وه‌ربگرێت دڵنیام كه‌ پاره‌كه‌ی‌ بۆ حكومه‌ت نییه‌”.

وتیشی‌ “منیش له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دام گوناحه‌ بازرگانی‌ خۆماڵی‌ ئازار بدرێت، گوناحه‌ وای‌ لێبكه‌یت توشی‌ زیان بێت، چونكه‌ ئێستا جوڵه‌یه‌ك له‌بازاڕدا هه‌بێت له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌وانه‌وه‌یه‌و پێویسته‌ ئاسانكارییان بۆ بكه‌ین‌و ته‌گه‌ره‌یان بۆ دروست نه‌كه‌ین”.

ئا: رێژه‌ن سه‌ردار