ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی میوانداریی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کرد


بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربون لەکێشەو گرفتەکانی بەردەم کەرتی بازرگانی‌و پیشەسازی لەشاری سلێمانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، میوانداری سەرۆکی ژوورو جێگرو ئەندامانی ئەنجومەنی ژووری بارزگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ / ٨، “سیروان محەمەد” سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی‌و یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری سەرۆک‌و بەختیار مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی ژوور، لەسەر داوای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی میوانداریی کران‌و لەھۆڵی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چەندین تێبینی‌و پێشنیاریان سەبارەت ئاستەنگەکانی گەشەی ئابوری خستەڕو.

 سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەکۆبونەوەکەدا کە لەناو بینای ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند “کۆمەڵێک گرفت لەکەرتی بازرگانیدا ھەیە بەتایبەت لەمەرزی باشماخ‌و پەروێزخان کە باری بازرگانان بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر دوادەخرێت کە ئەمە لەگومرگی ئیراھیم خەلیل ناکرێت”.

ئاماژەی بەوەشدا لەئێستادا “کێشەیەک بۆ کارگەکانی چیمەنتۆی سلێمانی دروستبووە کە ھەناردە دەکرێن بۆ موسڵ لەبازگەکاندا لەدەرەوەی سنوری سلێمانی بەبڕی ٥ دۆلار بۆ ھەر تەنێک گومرگ دەکرێن، بەڵام ئەوانەی ھەولێر گومرگ ناکرێن ئەمە غەدرە لەسلێمانی دەکرێت، ناکرێت جیاوازی لەھەناردەکردندا بکرێت لەکاتێکدا شاری سلێمانی چەند کارگەیەکی گەورەی بەرھەمھێنانی چیمەنتۆی ھەیەو دەتوانێت تەواوی پێداویستی چیمەنتۆی كوردستان‌و عێراق دابین بکات کە ساڵانە ٩ ملێۆن تەن بەرھەمدێت لەسلێمانیدا”.

سەرۆکی ژوور ئاماژەی بەوەشدا ”لەشاری سلێمانی بەرھەمھێنانی مریشک بەشێوەیەکی زۆر باش گەشەی کردووەو توانای دابینکردنی پێداویستی ناوخۆی ھەیەو دەبێت ڕێگری بکرێت لەھاوردەکردنی مریشک‌، بەرھەمی مریشک ھەناردەی شارەکانی خواروی عێراق دەکرێت”.

سیروان محەمەد، باسی لەوەشکرد ”گەنم لەمساڵدا بڕێکی کەم لەجوتیاران وەرگیراوە ئەمەش زیانی بەجوتیاران گەیاندووە، بۆیە دەبێت ھەوڵبدرێت ئەو کێشەو گرفتانەی کەھەیە لەبەردەم جوتیاراندا چارەسەر بکرێن”.

ئاماژەی بەوەشدا لەئێستادا لەڕۆشتنی جگەرە لەسلێمانیەوە بۆ شاری موسڵ و ناوچەی سۆران، ھەر کارتۆنێک بەبڕی ٣٥ دۆلار بۆ گومرگ دەکرێتەوە، کە پارەکەشی بۆ حکومەت نیەو لەلایەن کەسانێکەوە وەردەگیرێت کە نازاندرێت کێن”.

هەروەها سەرۆک‌و ئەندامانی ژوور گوێبیستی تەواوی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بون‌و  وەڵامیان دانەوە کە تایبەت بون بەکێشەو گرفتەکانی بەردەم کەرتی بازرگانی‌و پیشەسازی لەسلێمانی”.