به‌پێى وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان، سلێمانى پێشه‌نگ و پله‌ى یه‌كه‌مى هه‌یه له ڕووى پیشه‌سازییه‌وه له عێراقدا، فه‌رمان غه‌ریب، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى سلێمانى، له چاوپێكه‌وتنێكدا وه‌ڵامى چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت به وه‌به‌رهێنان ده‌داته‌وه و ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌كات، به‌هۆى وه‌رگرتنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان پڕۆسه‌ى وه‌به‌رهێنان له سلێمانى له پاشه‌كشه‌دایه و بێمتمانه‌یى دروستبووه، وه‌به‌رهێنه‌رانیش پاره‌كانیان بردوه‌ته ده‌ره‌وه و ره‌گه‌زنامه ده‌كڕن.
باس له‌وه‌ده‌كرێت جیاوازى ده‌كرێت له پێدانى مۆڵه‌تى پڕۆژه‌كان له نێوان هه‌ولێر و سلێمانیدا، كێ به‌رپرس و هۆكارى ئه‌مه‌یه؟ ئایا سلێمانى له‌مڕووه‌وه په‌راوێزخراوه؟
فه‌رمان غه‌ریب: له ساڵى 2013وه به‌بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌سه‌ڵاته‌كانى ده‌سته‌ى باڵاى وه‌به‌رهێنان گه‌ڕێندرایه‌وه بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه گشتییه‌كان، به‌جۆرێك هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێك ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى هه‌بوو، واته پێویستى به‌وه نه‌ده‌كرد مامه‌ڵه‌ی وه‌به‌رهێنان له پارێزگاى سلێمانییه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ولێر، به‌ڵام له كابینه‌ى حه‌وته‌مدا به‌تایبه‌ت براده‌رانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانیان گه‌ڕانده‌وه بۆ هه‌ولێر، له‌ئێستادا رۆڵى نوسینگه‌یه‌ك ده‌بینین بۆ گه‌یاندنى داواكاریى و مۆڵه‌تى پڕۆژه و مامه‌ڵه‌كان بۆ ده‌سته‌ى گشتى وه‌به‌رهێنان، ئه‌مه یه‌كێكه له هۆكاره‌كانى په‌راوێزخستنى پارێزگاكان، سلێمانیش به‌وهۆیه‌وه په‌راوێزخراوه كه به‌ڕێككه‌وتنى سیاسى بووه بۆ ئه‌وه‌ى مه‌ركه‌زیه‌ت بدرێت به وه‌زاره‌ته‌كان، له‌كاتێكدا بانگه‌شه‌ى لایه‌نه‌كان بریتى بوو له جێبه‌جێكردنى لامه‌ركه‌زیه‌ت.
له‌مساڵدا تائێستا چه‌ند پڕۆژه مۆڵه‌تیان پێدراوه و بریتین له چى و بڕى بوودجه‌ى به‌گه‌ڕخراوى وه‌به‌رهێنان چه‌نده؟
فه‌رمان غه‌ریب: له‌وانه‌یه پێت سه‌یر بێت بڵێم ئه‌مساڵ له پارێزگاى سلێمانی یه‌ك مۆڵه‌تى وه‌به‌رهێنان هه‌یه ئه‌ویش له بوارى وه‌رزشیدایه، مامه‌ڵه‌ى زۆرمان ناردووه بۆ ده‌سته‌ى گشتى وه‌به‌رهێنان له هه‌ولێر، به‌ڵام كێشه‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌كانى تر‌ى سلێمانى، به‌هۆى ئه‌و رێنماییانه‌ى ده‌سته‌وه كه ده‌ڵێت، تاوه‌كو زه‌وییه‌كه نه‌كرێت به‌ناوى وه‌به‌رهێنانه‌وه دۆسیه‌ى پڕۆژه‌كه مه‌نێرن بۆ هه‌ولێر بۆ مۆڵه‌ت پێدان، هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك ئاماده‌نییه زه‌وی بكات به‌ناوى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانه‌وه، بۆ نموونه شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار رازى نین، كولفه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش كه مۆڵه‌ته‌ى پێدراوه نزیكه‌ى دوو ملیۆن و 600 هه‌زار دۆلاره.
به‌راورد به پێش قه‌یرانى دارایى تا چه‌ند وه‌به‌رهێنان له پارێزگاى سلێمانى پاشه‌كشه‌ى كردووه؟
فه‌رمان غه‌ریب: له ساڵى 2013دا 40 مۆڵه‌تى وه‌به‌رهێنان هه‌بووه له پارێزگاى سلێمانى به تێچووى پێنج ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، به‌ڵام له 2017دا یه‌ك پڕۆژه‌مان هه‌یه به تێچووى زیاتر له دوو ملیۆن دۆلار، دیاره كه جیاوازییه‌كه چه‌نده و پاشه‌كشه‌یه‌كى زۆرى كردووه، سلێمانى ناوه‌ندێكى بازرگانى زۆر به‌هێزه هه‌روه‌ها له‌ڕووى پیشه‌سازى و گه‌شتیارییه‌وه، له 30%ى هه‌موو پڕۆژه پیشه‌سازییه‌كانى عێراق له سلێمانییه، ئه‌و كه‌ره‌سته سه‌ره‌تاییانه‌ى له سلێمانى هه‌یه له هیچ پارێزگایه‌كى تردا نییه، له‌بوارى پیشه‌سازییدا سلێمانى یه‌كه‌م و پێشه‌نگى هه‌موو عێراقه، به‌ڵام له‌م دۆخه‌ى ئێستادا پرۆسه‌ى وه‌به‌رهێنان له پاشه‌كشه‌دایه.
بۆچى له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت باستان له‌مه نه‌كردووه، تاوه‌كو پڕۆسه‌ى وه‌به‌رهێنان ده‌ستپێبكرێته‌وه؟
فه‌رمان غه‌ریب: كێشه‌كه یاسایه، له‌ساڵى 2009دا داواى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى وه‌به‌رهێنانمان كرد، كۆمه‌ڵێك مادده و بڕگه‌ى تێدایه له‌گه‌ڵ بارودۆخى ئێستادا یه‌ك ناگرێته‌وه، یاساكه له 2006دا دانراوه ئێستا 2017یه، چه‌ندین گۆڕانكاریى سیاسى و ئیداریى و ئابورى هاتوونه‌ته ئاراوه، زۆرترین ره‌خنه‌مان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوون لێده‌گیرێت، له یاساكه‌دا به یه‌ك ووشه باسى ئه‌م كه‌رته كراوه، به‌ڵام هه‌موو وه‌به‌رهێنه‌ران په‌لامارى پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوون ده‌ده‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى قازانجێكى خه‌یاڵى تێدایه و به‌رده‌وام كڕیارى هه‌یه، گله‌یمان لێده‌كرێت بۆچى له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ر لێكۆڵینه‌وه ناكه‌ین، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه ئه‌وه‌بوو پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوون رووبه‌ڕووى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان كرایه‌وه، ئه‌م كه‌رته په‌یوه‌ندیى به به‌رژه‌وه‌ندى و پێداویستى هاوڵاتیانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان زۆرترین قازانجى لێ به‌ده‌ستده‌هێنرێت، پڕۆژه‌یه‌ك كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى هاوڵاتیان بێت نابێت بخرێته قازانجه‌وه، له هه‌موو دنیادا شوقه و ڤێلاى گرانبه‌ها كه‌رتى تایبه‌ت دروستیده‌كات بۆ خه‌ڵكى ده‌وڵه‌مه‌ند، حكومه‌ت زه‌وییه‌كه‌ى پێده‌فرۆشێت به نرخێكى زۆر، به‌ڵام ناكرێت پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوونى كرێنشین و فه‌رمانبه‌ر و مامۆستا و پزیشك بدرێته ده‌ست وه‌به‌رهێنه‌ر، پێویسته حكومه‌ت له‌ڕێگه‌ى به‌ڵێنده‌رانه‌وه ئه‌مه جێبه‌جێى بكات.
پێشتر به‌شێك له وه‌به‌رهێنه‌ران قه‌رزیان له حكومه‌ت وه‌رگرتووه، زانیاریتان هه‌یه بڕى ئه‌و پاره‌یه چه‌نده كه وه‌ك قه‌رزى حكومه‌ت لاى وه‌به‌رهێنه‌رانه؟
فه‌رمان غه‌ریب: هیچ یه‌كێك له‌و قه‌رزانه به‌لاى ئێمه‌دا تێنه‌په‌ڕیوه، به‌ڵكو له وه‌زاره‌تى دارایى وه‌رگیراوه.
بۆچى ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه پڕۆژه‌ى شارى پیشه‌سازیى عه‌ربه‌ت–سلێمانى راگیراوه؟ ده‌گوترێت ئێران هۆكارى راگرتنه‌كه‌یه‌تى، ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه ته‌واوبكرێت چى سوودێك به هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت؟
فه‌رمان غه‌ریب: كاتێك بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هاتنه حكومه‌ته‌وه دوو ناوچه كه په‌یوه‌ندیى به شارى پیشه‌سازییه‌وه هه‌یه، ئه‌وان وه‌ریانگرت پڕۆژه‌كه لاى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان بوو، وه‌زیرى بازرگانى و پیشه‌سازیى له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنان بڕیاریاندا ئه‌م ناوچه پیشه‌سازییه بخرێته سه‌ر وه‌زاره‌تى بازرگانى، له‌وكاته‌وه سه‌رجه‌م دۆسیه‌كانى شارى پیشه‌سازییمان بۆ ناردن، پێمانوتن كارى له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكیان نه‌ناوه بۆ كاركردن تێیدا و راگرتنیشى په‌یوه‌ندى به ئێرانه‌وه نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌م شاره پیشه‌سازییه ته‌واوبكرێت، یه‌كه‌م: ژێرخانێكى پیشه‌سازیى به‌هێز بۆ سلێمانى دروستده‌بێت، دووه‌م: له‌جیاتى ئه‌وه‌ى سه‌رمایه‌ى ئه‌م وڵاته بچێته‌ده‌ره‌وه له‌ناوخۆى هه‌رێمدا به‌گه‌ڕده‌خرێت، سێیه‌م: زیاتر له 5 هه‌زار هه‌لى كار ده‌ڕه‌خسێنێت، چواره‌م: له هه‌موو پرۆژه پیشه‌سازییه‌كان له بچووكه‌وه تا گه‌وره هه‌ر له كارگه‌ى پترۆكیمیایی و خواردن و چه‌ندین كارگه‌ى جیاوازى تر‌ى تێدایه، ئه‌گه‌ر ته‌واوبكرێت پێویستمان به ده‌ره‌وه نامێنێت و هیچ ترسێكمان له داخستنى سنوره‌كان نابێت.
سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیاریدا هه‌ر زه‌وییه‌ك به‌و بڕه پاره‌یه‌ى ده‌درێت به وه‌به‌رهێنه‌ر، ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌ى زیاترى تێدا به‌گه‌ڕبخرێت، ده‌كرێت به‌ناوى وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌وه، وورده‌كارى ئه‌م بڕیاره چۆنه؟
فه‌رمان غه‌ریب: ئه‌و پڕۆژه بازرگانیانه‌ى له‌ناو شاره‌كانى نیشته‌جێبووندایه، بۆ نمونه بایى یه‌ك ملیۆن دۆلاره ده‌بێت ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره چوارقاتى ئه‌و بڕه‌ى تێدا خه‌رج بكات، دواتر ده‌كرێت به‌ناویه‌وه، له‌ئێستادا كار له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌كه‌ین.
ئایا ریفراندۆم كاریگه‌ریى له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان هه‌یه؟ باس له‌وه‌شده‌كرێت ترسى لای وه‌به‌رهێنه‌ران دروستكردووه؟
فه‌رمان غه‌ریب: وه‌به‌رهێنه‌ران بوون به دوو به‌شه‌وه، هه‌یه ده‌ڵێت، پێویسته پشتیوانى بكه‌ین و پاره‌كه‌شى بۆ دابینبكه‌ین، به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌به‌رهێنه‌ر هه‌یه ده‌ڵێت، ریفراندۆم قور ده‌كات به‌سه‌ر ئابورى هه‌رێمى كوردستاندا، جگه‌له‌وه زۆرێك له وه‌به‌رهێنه‌ران كاره‌كانیان خاوكردووه‌ته‌وه له‌به‌ر بێ متمانه‌یى و بارودۆخى سیاسى سه‌رمایه‌كانیان بردووه‌ته ده‌ره‌وه‌ى وڵات و ره‌گه‌زنامه ده‌كڕن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى خراپى دروستكردووه.
دواڕۆژ