“تورکیا ساڵانە نیو ملیۆن تۆن شووتی فرێ دەدات”

سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی تورکیا، شەمسی بایراکتار رایگەیاند کە ساڵانە نیو ملیۆن تۆن شووتی لە تورکیا فرێ دەدرێت.

لە راگەیەنراوێکدا شەمسی بایراکتار، ژمارەیەک زانیاری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، بە تایبەت بەرهەمهێنانی شووتی و کاڵەک لە تورکیا بڵاوکردووەتەوە.

سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی تورکیا، شەمسی بایراکتار ئاماژە بەوە دەکات تورکیا کە لەدوای چین دووەم وڵاتی جیهانە لە بەرهەمهێنانی شووتیدا و لە ئێستادا ساڵانە نیو ملیۆن تۆن شووتی و ٢٠٠ هەزار تۆن کاڵەک فرێ دەدرێت. لە کاتێکدا بەرهەمی ٢٠١٥-٢٠١٦ لە شووتیدا، ٣ ملیۆن و ٩١٩ هەزار تۆن بووە و یەک ملیۆن و ٧٢٠ هەزار تۆن کاڵەکیش بەرهەم هاتووە.

شەمسی بایراکتار هۆکاری فرێدانەکەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە لە میانی بازاڕکردندا، بەرهەمهێنەران رووبەڕووی ناسەقامگیری بازاڕ و گۆڕانکاری نرخ و تێچوون دەبنەوە و وتی:

“بە هۆی زیادەی رێژەی خستنەڕوو لەچاو خواستدا بەرهەمی کاڵەک و شووتی گەورەترین زیانی بەرکەوتووە. لە بەهاردا یەک کیلۆگرام شووتی هاوردە بە ٣ لیرە دەفرۆشرێت بە کڕیاری ناوخۆ، دواتر لە مانگی حوزەیراندا بەرهەمی خۆماڵی دێتە بازاڕ، بە خێرایی نرخەکەی دادەبەزێت و یەک کیلۆگرام بەرهەمی ناوخۆ لە شووتی بە ١٥-١٨ قوروش دەفرۆشرێت. بەم نرخە ناتوانرێت بڕی تێچووەکەی دابین بکرێت. بۆیە لە پێناو ئەوەی جووتیاران تووشی هیچ کێشەیەک نەبن و غەدریان لێنەکرێت دەبێت شووتی و سەوزە و میوە لەچوارچێوەی دڵنیایی کشتوکاڵیدا وەربگیرێت”.