بەمەبەستی پیرۆزبایی کردن لەھەڵبژاردنو دەستبەکاربونی “عومەر سەید عەلی”، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، سەرۆکو جێگرو ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد لەشاری سلێمانی.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیو یاسین ڕەحیم فەرەجو نەوزاد غەفور جێگرانی سەرۆکو کەمال سەعید تەھاو دلاوەر علی سۆفی کەریمو عوسمان فەتاحو ئاراس عەبدولکەریمو ئازاد عەبدولقادر ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور، سەردانی “عومەر سەید عەلی” ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانیان کردو پیرۆزبایی ژوریان پێگەیاند.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەناوی ژوورەوە، پیرۆزبایی لە “عومەر سەید عەلی” کرد بەبۆنەی دەستبەکاربونیان وەک ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان.
سیروان محەمەد وتی “ژووری بازرگانی ھەمیشە ھەوڵیداوە بۆ باشکردنی ڕەوشی بازرگانی لەسلێمانی، ھەموو کارێکی کردووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان بازرگانانو لایەنە سیاسیەکانو بەردەوامیش دەبین لەبەرەو پێشبردنی کەرتی بازرگانیو پیشەسازی”.
سەرۆکی ژوور داوایکرد وەک ڕێکخەری نوێی بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی کەرتی تایبەت بێت لەسلێمانی تا بتوانرێت بەتواناو پشتیوانیەکی باشەوە کارە بازرگانیەکان بەڕێوەبچێت.
لەبەرامبەریشدا، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید علی سوپاسی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی کرد بۆ سەردانەکەیان، ئەو وتی “ھیوادارم کارە بازرگانیەکان بەرەوپێش بڕوات، هەوڵی زیاتر بدەین بۆ گەشەکردنو بەهێزکردنی کەرتی تایبەت”.
وتیشی ”داواکارم کاری زیاتر بکرێت بۆ ھاوکاریکردنی فەرمانبەرانو کەمدەرامەتان لەم کاتەدا کە کوردستان بەبارودۆخێکی سەختی دارایدا تێدەپەرێتو قەیران بەرۆکی هاوڵاتیانی کوردستانی گرتووە”.