بەهۆی ئەو زنجیرە چاکسازی و رێکخستنەوانەی کە بۆ باج و رسومات و کرێ لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراون، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
د. لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی هەرێمی کوردستان راگەیاند، فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە، بەپێی یاسای ژمارە 114ی ساڵی 1981 و هەموارکراوەکانی رسومات وەردەگرێت، ئەو یاسایە دووجار لە سەردەمی رێژێمی پێشوو هەموارکراوەتەوە، چوار جاریش لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەموارکراوەتەوە.
لوقمان عومەر دەڵێت: “بەپێی ئەو یاسایانە کە ئێستا لە عێراقیش کاریان پێدەکرێت و مامەڵەکانی تۆمارکردنی خانووبەرەی پێ ئەنجامدەدرێت، واتە مامەڵەی گواستنەوەی موڵکیەت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە، کە کڕین و فرۆشتنی پێ دەڵێین، رەسمی تاپۆ 3% لە کڕیار وەردەگیرێت بەرامبەر بەو خزمەتگوزارییەی پێشکەشی دەکرێت و لە بەرامبەر ئەو تۆمارەی پێیدەدەرێت، ئەو 3%ـە 2%ی رەسمی تۆمارە و 1%ی رەسمی پوولە، بەڵام لە ساڵی 2007 دوای ئەوەی ئیدارەی سلێمانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پایتەخت یەکیانگرتەوە و حکومەتی هاوبەش پێکهات، لەلایەن هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پایتەخت و وەزارەتی کاروباری دارایی لە سلێمانی لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێندرا و ئەو لیژنەیە رێنماییەکیان بە ژمارە 50 دەرکرد، کە خۆی دەبینییەوە لە دەستکاریکردنی رێژەی رەسمەکان لە فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە”.
بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی هەرێمی کوردستان دەشڵێت “رێنماییەکە رێژەی رەسمی تۆمارکردنی لە 20% کردە 1%، هەروەها رێژەی رەسمی پوولیان لە 1% کردە رێژەیەکی مەقتوع کە هەزار دینار بوو، بەڵام دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پلانەی بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی رێژەی خەرجییەکان دانا بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا کوردستان تێیکەوتووە، ئەوەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 78 لە ساڵی 2016 بڕیاریدا رێنمایی ژمارە 50ی وەزارەتی دارایی و ئابووری، کە پێچەوانەی یاسای رەسمە دادییەکانە رابگیرێت و کار بە خودی یاساکە بکرێت، بۆیە ئێستاش فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە یاسا جێبەجێ دەکەن”.
سەبارەت بە داهاتی فەرمانگەکانی تۆمارکردنەکانی خانووبەرە لە ماوەی نێوان 2015 و 2016، لوقمان عومەر وتی “لە ساڵی 2015 داهاتی فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە نزیکەی 35 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە، 181 هەزار مامەڵەی رەفتارکاری و زیاتر لە 64 هەزار مامەڵەی هونەرکاری ئەنجامداوە، لە ساڵی 2016 داهاتەکە نزیکەی 58 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە، نزیکەی 112 هەزار مامەڵەی رەفتارکاری و نزیکەی 51 هەزار مامەڵەی هونەرکاری ئەنجامداوە. بەراورد بە ساڵی 2015 لە ساڵی 2016 نزیکەی 23 ملیار دینار زیادی کردووە”.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای چاکسازییەکانی 2016 بە مەبەستی زیادکردنی داهاتی گشتی دەستیکرد بە رێکخستنەوەی باج و کرێ و رسوماتەکان، بۆ ئەو مەبەستەش رسومات و کرێی شوێنە گەشتیارییەکان، کرێی شوێنە خزمەتگوزارییەکان، سەرپێچییەکانی هاتووچۆ و کرێی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و وەرگرتنی باجی دەرامەتی کارمەندانی کەرتی تایبەت، لەگەڵ چەندین رسومات و کرێی دیکە پێداچوونەوەیان بۆ کراو، زیادکران. بەو هۆیەشەوە داهاتەکانی نێوخۆ زیادی کرد، بەهۆی رێکخستنەوەی رسوماتی گەشتیارییەوە تەنیا داهاتی ئەم جۆرە رسوماتە لە چارەکی یەکەمی 2017 لە 150 ملیۆن دینارەوە بۆ 850 ملیۆن دینار زیادی کردووە.