لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی هاوڵاتیان له‌ئاوی‌ تانكه‌ره‌كان ئاگادارده‌كاته‌وه‌


لیژنەی بەدواداچوونی شەمعەكانی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی، ئاگاداری هاوڵاتیان دەكاتەوە كە تەنها ئاوی ئەوتەنكەرانە بەكاربهێنن كە رەنگیان سپییەو ژمارەی پەیوەندی لایەنی پەیوەندیداری لەسەر نوسراوە.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگەیاند، لیژنەی چاودێریكرنی شەمعەكانی ئاو رۆژانە سەردانی شەمعەكان دەكەن و پشكنینی تاقیگەیی بۆ ئاوی شەمعەكان ئەنجام دەدەن و رێنمایی پێویستیان پێ‌ دەدەن، ئاگاداریشیان ئەكەنەوە كە پابەندی مەرج و رێنماییەكان بن.

وتیشی‌ “لەسنوری شاری سلێمانی دوو جۆر شەمعەی ئاو هەیەو جۆرێكیان خاوەنی مۆڵەتی فەرمین و ئاوەكەیان گونجاوە بۆ خواردنەوە، جۆرەكەی تریان  بەهیچ جۆرێك شیاوی خواردنەوە نییەو تەنها رێگەدەدرێت بۆ ئاودێری و كشتوكاڵ بەكاربهێنرێت”.

سەرۆكی لیژنەكان هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان و  داوا لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەكات، تەنها ئاوی ئەو تەنكەرانە بۆ خورادنەوە بەكاربهێنن كە رەنگی سپییەو ژمارەی تەلەفۆنی لایەنی پەیوەندیداریان لەسەرە و ئاوی خواردنەوە لەو شەمعانە وەردەگرن كە مۆڵەتی فەرمیان هەیە.