دەریاچەی سیروان لە بواری گەشتیاریدا پشتگوێ خراوە

هاوڵاتیانی شارەدێی سیروانی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە، نیگەرانن لەوەی كە حكومەتی هەرێم و بەتایبەتی کەرتی گەشتوگوزار، دەریاچەی سیروانی لەبواری گەشتیاریدا پشتگوێ خستووە، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجەش ئاماژە بەوە دەكات ئێستا هیچ پرۆژەیەكیان نییە بۆ ئەو دەریاچەیە.
 
لە دەوربەری دەریاچەی سیروان، لە هەریەكە لە شارۆچكەی سەیدسادق و شارەدێی سیروان، بە دەیان گوندی سنورەكە و كەناری دەریاچەکە، ژینگەیەکی لەبارن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی گەشتیاری، بەڵام تا ئێستا لەڕووی گەشتیارییەوە نەتوانراوە سوود لەو دریاچەیە وەربگیرێت.

سۆران ئەحمەد، یەكێك لە هاوڵاتیانی شارەدێی سیروانی سەربەپارێزگای هەڵەبجەیە،  وتی: جێگەی داخە كە دەریاچەیەكی وەك سیروان لە ناوچەكەماندا هەیە و لەڕووی هەڵكەوتەی جوگرافیشەوە زۆر لەبار و گونجاوە بۆئەوەی لەچەندین ڕووەوە بەتایبەت لایەنی گەشتیاری سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ كەس و لایەنێك بیریان لە وەها كارێك نەكردووەتەوەن لە لایەن کەرتی گەشتیارییەوە پشتگوێ خراوە.
 
ئەوەشی باسكرد، ئەم دەریاچەیە لەهەر وڵاتێكی تر بوایە، حكومەت دەیتوانی بە چەندین جۆر سوودی لێ وەربگرێت و بیكاتە سەرچاوەی داهات و هەلی كاری تێدا بڕەخسێنێت بۆ گەنجانی بێكار، بەتایبەت لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە، ئەگەر چەند پرۆژەیەكی تێدا جێبەجێ بكرایە، هەم سوودی بۆ حكومەت دەبوو هەم بۆ ئێمەی هاوڵاتیانیش، بەڵام ئەوەی كە هەیە تەنها ژمارەیەكی كەمی هاوڵاتیانن بۆ بەسەربردنی كاتی خۆیان سەردانی دەکەن.
 
هاوڵاتییەكی تری شارەدێی سیروان بەناوی یونس ئەحمەد، ئەوەی ڕاگەیاند: وڵاتێكی وەك توركیا بەشێكی زۆری داهاتی ساڵانەی لەسەر بواری گەشتوگوزار و سوود وەرگرتن لە كەنار دەریا و دەریاچەكانەوە دابین دەكات، بەڵام حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە سوود لە دەریاچەیەكی وەك سیروان وەربگرێت، چونكە ئێمە كە خەڵكی ناوچەكەین دەزانین كە ژمارەیەكی كەم لە هاوڵاتیان لە بواری ڕاوەماسیدا سوودێكی كەمی لێ دەبینن، بواری گەشتیاری بەتەوای فەرامۆش كراوە، تەنانەت هەرباسیشی نەكراوە.
 
یونس ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕوو، دڵنیام لەوەی كە ئەگەر سەرمایەدارێكیش بێت بیر لە پرۆژەیەكی گەشتیاری بكاتەوە لەسەر ئەم دەریاچەیە بەرپرسانی حزبی گرفتی بۆ دروستدەكەن تا ئەو كاتەی خۆیان دەبنە شەریك و خاون پشك، چونكە ئەم هەرێمە لەلایەن حزبەوە بەڕێوە دەبرێت دەبێت پشكیان لەهەموو شتێكدا هەبێت.
 
ئەو هاوڵاتییەی شارەدێی سیروان ئەوەشی وت: ئەگەر پلانێكی گونجاو هەبێت بۆ سوود وەرگرتن لەم دەریاچەیە، دەتوانرێت بە بڕە پارەیەكی كەم سوودێكی زۆری ئابوری لەبورای گەشتیاریدا لەدەریاچەكە وەربگیریت، بەڵام ئەوەی تێبینیمان كردووە حكومەت هەر بەنیاز نییە سوود لە دەریاچەی سیروان وەربگرێت لە بواری گەشتوگوزار و بەدەستخستنی داهاتدا.
 
لای خۆیەوە سامان كەریم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ڕاگەیاند: یەكێك لە خۆشبەختییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان ئەوەیە كە لەڕووی جۆرە جیاوازەكانی گەشتوگوزارەوە دەوڵەمەندە، هەروەها بۆ سوودوەرگرتن لەو جۆرە جیاوازانەی گەشتوگوزار هەمیشە پلانمان داوەتە سەرووی خۆمان، بەڵام بە بیانووی قەیرانی داراییەوە وەڵامی ئەرێنیمان وەرنەگرتووە، بۆیە لەئێستادا هیچ پرۆژەیەكمان نییە بۆ دەریاچەی سیروان جێبەجێی بكەین.
 
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەوەی كە پەیوەندی بەكەرتی تایبەت و سەرمایەدانەوە هەیە، ئەوەیە کە، بەهۆی ناجێگیری بارودۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمەوە، سەرمایەدارەكانیش ئامادە نین پارەكانی خۆیان لە پرۆژەی خزمەتگوزاری بواری گەشتیاریدا خەرج بکەن، بۆیە ئەوەی ئەركی ئێمەیە تەنها داواكاری پێشكەش دەكەین، دواتر بڕیارەكان لای وەزیرەوە دەردەچن.
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە وتیشی:”ئێستا هیچ بڕە بودجەیەكمان لەبەر دستدا نییە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانمان، تەنانەت لەبەر بێ‌ بودجەیی زیاتر لە دوو ساڵە هێشتا بیناكەی خۆمان تەواو نەبووە، بەڵام ئەوە نازانین ئاخۆ حكومەت پارەی هەیە و خەرجی ناكات یان هەر بەڕاستی پارەی نییە”.