مامەڵەكردنی بانكەكانی عێراق لەگەڵ كۆریای باكوور قەدەغەكرا


بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند كە بە بڕیارێك مامەڵەی دارایی، بانكەكانی عێراق لەگەڵ کۆریای باكوور قەدەغە كردووە.
 
لە بەیاننامەیەكدا، بانكی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو بڕیارە پشت بەستن بە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەریكردووە.

بانكی ناوەندی عێراق داوای لەسەرجەم بانكەكان كردووە كە لەمەوداو بە هیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ بانكەكانی كۆریای باكووردا نەكەن.

لە پێنجی ئەم مانگەدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە، رەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژە بڕیارەی نیشاندا كە ئەمریكا بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر كۆریای باكووردا پێشكەشی كردبوو ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ تاقیكردنەوەی مووشەكە بالیستییەكانی كۆریای باكوور.