سلێمانی.. کردنەوەی پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ بەرەنگاربونەوەی شێرپەنجە

پێشانگاکە لە ھۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە کرایەوە و ماوەی ٣ رۆژ دەخایەنێت، پێشانگایەکی شێوەکاری ھونەرمەندانی سلێمانییە کە ناوەندی ٧ رەنگە بۆ ھاوکاری پڕۆژەی چرۆ سازی دەکات ، چرۆ پڕۆژەیەکی دڵسۆزانەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان .

سەرپەرشتیاری پێشانگاکە، لەنیا جەمال لەو بارەیەوە وتی:” لەم پێشانگایەدا ٣٢ ھونەرمەند بە ٨٢ تابلۆ بەشدارییان کردووە، ئەم پێشانگایەش یەکەم پڕۆژەی چرۆیە کە لە شاری سلێمانی ئەنجامی دەدات و ئامانج لێی ناساندنی پڕۆژەی چرۆیە بە دانیشتووانی سلێمانی و کۆکردنەوەی داھاتی فرۆشتنی تابلۆکان بۆ پشتیوانی پڕۆژەکانی چرۆیە کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و پشکنینی پێشوەختە بۆ ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون یان ئەو کەسانەی دەیانەوێت پشکنینی پێشوەخت بۆ خۆیان ئەنجام بدەن بە بێ بەرامبەر”.

لەنیا جەمال ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لەو پڕۆژەیە لە داھاتوودا چەند چالاکی و پڕۆژەیەکی دیکەیان دەبێت بۆ پشتیوانی کردنی پڕۆژەکەیان.