هەناردەی نەوتی کەرکوک راگیرا

وەزارەتی نەوتی عیراق ھەناردەی نەوتی کێڵگەکانی بابەگوڕگوڕو جەمبورو خەبازی راگرت و سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیاکەش ئاشرایکرد: وەزارەتی نەوت بڕیارەکەی داوەو ھیچ کێشەیەکی تەکنیکی نییە.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕاگەیاند: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 6ی ئابی 2017، وەزارەتی نەوتی عیراق بڕیاریدا ھەناردەی نەوتی ھەردوو کێڵگەی بابەگوڕگوڕو جەمبورو خەبازی رابگرێت، بەبێ ئەوەی ھۆکارەکەی روونبکاتەوە.

سەرچاوەکە وتیشی: “ھیچ کێشەیەکی تەکنیکی بۆ راگرتنی نەوتی کۆمپانیای بابەگوڕگوڕ نییە و تائێستا نازانرێت بۆچی وەزارەتی نەوت ئەو بڕیارەی دەرکردوە”.

بڕی بەرھەمی رۆژانەی نەوت لەو سێ کێڵگەیە نزیکەی 165 ھەزار بەرمیلەو لە رێگەی بۆری نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردەی دەرەوە دەکرێت.

پێشتریش عەلی حەمە پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، بڕی بەرھەمی ئەو سێ کێڵگەیە بەمشێوەیە بڵاوکردبۆوە: بابەگوڕگوڕ97 ھەزار بەرمیل، جەمبور 42 ھەزار بەرمیل، خەباز 26 ھەزار بەرمیل.