دوو هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە شنگال دروست دەكرێت


(دەرباز كۆسرەت رەسوڵ‌) وەزیری ئاوەدانكردنەوە‌و نیشتەجێكردنی هەرێم رایدەگەیەنێت، 2 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە شنگال دروست دەكەین‌و كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچە كوردستانیانەش دەكەین، كە لەژێر دەستی‌ داعش رزگار كراون.

(دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)‌ رایگەیاند، بەشێكی زۆر لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە هیچ بودجەیەكمان بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە نیە‌و هەركاتێكیش دۆخی دارایی باشتر ببێت، راستەوخۆ دەست دەكەین بە تەواوكردنی ئەو پڕۆژانەی بە نیوەچلی بەجێماون.

وتیشی، حكومەتی هەرێم لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی‌و نەتەوە یەكگرتوەكان لە گفتوگۆی بەردەوامدایە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی جەنگەوە وێران بوون، هەروەها زیاتر لە 35 وڵاتیش ئامادەییان دەربڕیووە بۆ هاوكاریكردنی عیراق، بەڵام تائێستا سندوقی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عیراق تەمویل نەكراوە، بڕیاریشە ئەڵمانیا قەرزێكی 500 ملیۆن دۆلاری بداتە عیراق بۆ پڕۆژەكانی بواری ئاوەدانكردنەوە، لەو قەرزەشدا بەشی كوردستانیشی تێدایە.

وەزیری ئاوەدانكردنەوە‌و نیشتەجێكردنی هەرێم ئاشكراشیكرد، حكومەتی هەرێم پلانێكی تایبەتی بۆ شارۆچكەی شنگال هەیە، ئەویش جگە لە ئاوەدانكردنەوەی قوتابخانە‌و نەخۆشخانەكان، لە پلانیدایە بۆ ساڵی 2018 زیاتر لە 2 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ دانیشتوانی شنگال دروست بكات، تاوەكو بە ئارامی تێیدا بژین، بۆ جێبەجێكردنی ئەم پلانەش حكومەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ سندوقی ئاوەدانكردنەوەی عیراق كردوە‌و ئومێد دەكەین ساڵی داهاتوو بكەوێتە بواری جێبەجێكردن.