ئەمساڵ بەرهەمی کشتوکاڵی کوردستان پێداویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە



لەدوای ساڵی 2014ەوە کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان لە گەشەکردندایە، بە جۆرێک کە لە بەشێک لە بەرهەمەکاندا جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بیر لەوە دەکرێتەوە کە چۆن هەناردەی دەرەوە بکرێت بەتایبەتیش بۆ وڵاتانی کەنداو، خاوەن پرۆژەیەکی کشتوکاڵیش رایگەیاند، سەرقاڵی واژۆکردنی گرێبەستێکن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانیان بۆ قەتەر.


جگە لە هەرێمی کوردستان شارەکانی عێراقیش ئێستا بە خەیار و پەتاتە و پیاز و شوتی و گەنمی کوردستان دەژین، هەرێمی کوردستان لە زۆرینەی بەروبوومە وەرزییەکاندا گەیشتووەتە خۆژیەنی و لە وەرزی پێگەیشتندا پێویستی بە هەناردەکردن نییە.


گەنم کە خۆراکی ستراتیژیە ساڵانە 800 هەزار تۆن بەرهەم دەهێندرێت
رۆژانە 250 تۆن خەیار بەرهەم دەهێندرێت
رۆژانە 200 تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێندرێت
رۆژانە 300 تۆن تەماتە بەرهەم دەهێندرێت
رۆژانە 300 تۆن شووتی بەرهەم دەهێندرێت
رۆژانە 200 تۆن پیاز بەرهەم دەهێندرێت


ساڵانە 1 ملیار هێلکە بەرهەم دەهێندرێت و 250 ملیۆنی لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە، هەروەها ساڵانە بەرێژەی 80%ی پێداویستی ناوخۆ گۆشتی سپی بەرهەم دەهێندرێت.


شاڵاو جەمال ، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند: ‘لەزۆربەی بەرهەمەکانی سەوزەوات و میوەدا بە گشتی بۆ نموونە لە خەیار ، تەماتە ، پیاز ، کولەکە و پەتاتە لە وەرزی پێگەیشتندا لە پارێزگای سلێمانی بەشی پێداویستی ناوخۆمان دەکات، بەڵام دوای ئەوەی وەرزی پێگەیشتن کۆتایی پێدێت دیسانەوە دەستدەکەین بە هاوردەکردن”.


ئێستا وەرزی پێگەیشتنی زۆرینەی ئەو بەرهەمانەیە کە خۆراکی سەرەکی و رۆژانەی خەڵکە، بۆیە عەلوەکان پڕن لە بەرهەمی خۆماڵی کوردستان. خانووە پلاستیکییەکان رۆڵێکی گەورەیان بینی لە بوژاندنەوەی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان.

 
حاجی عەتا لە عەلوەی سلێمانی ، بازرگانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە  لە ماوەی چەند کاژێرێکدا 100 تۆن پیازی ناردبوو بۆ شارەکانی عێراق، ئێستا سەرقاڵی گرێبەستێکە بەرهەمی جووتیارانی کورد بنێرێت بۆ قەتەر، دەڵێت رۆژێک دێت وڵاتانی چواردەورمان چاویان لە دەستی ئێمە دەبێت.