قه‌ته‌ر ئیقامه‌ی هه‌میشه‌یی ده‌دات


وڵاتی قه‌ته‌ر بڕیاریدا به‌ پێدانی مافی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی  بۆ غه‌یری قه‌ته‌ریی و ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مجاره‌ وڵاتێكی عه‌ره‌بی به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی بڕیار له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای كارتی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی بدات.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی قه‌ته‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تی شێخ عه‌بدوڵلا بن ناصر سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ناوخۆ یاسای مافی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌ی په‌سه‌ندكراوه‌و به‌ پێی یاساكه‌ چه‌ند مه‌رجێك  دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو غه‌یره‌ قه‌ته‌رییه‌ك  بتوانێت ئیقامه‌ به‌ده‌ست بخات.

یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ی خراوه‌ته‌روو،  ده‌بێت ئه‌و كه‌سه خاوه‌ن تواناو لێهاتووی بێت كه‌ وڵاتی قه‌ته‌ر پێویستی پێیه‌تی، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی كه‌ خزمه‌تێكی دیاری وڵاته‌كه‌یانی كردووه‌ ده‌توانن داوای مافی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی بكه‌ن. یان ژنێكی قه‌ته‌ر هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ غه‌یری قه‌ته‌رییه‌ك كردبێت. 

هه‌ربه‌پێی یاساكه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی ئیقامه‌ی هه‌میشه‌یی به‌ده‌ست ده‌خه‌ن، چه‌ندین ئیمتیازاتیان ده‌یانگرێته‌وه‌و وه‌ك هاوڵاتی قه‌ته‌ر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت له‌رووی ژیان و خوێندن و دڵنیایی ته‌ندورستی. 

چاودێران پێیانوایه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی قه‌ته‌ر به‌هۆی قه‌یرانی كه‌نداو و داخستنی سنوره‌كانه‌ به‌رووی ئه‌و وڵاته‌دا له‌لایه‌ن سعودیه‌و ئیماراته‌وه‌، كه‌ رووبه‌رووی قه‌یرانێكی گه‌وره‌ بۆته‌وه‌ له‌روو به‌ده‌ستهێنانی سه‌رماییه‌ی مرۆیی و ده‌ستی كاره‌وه‌.