فستەقی تەڕی توێکڵداری عەنتاب گەیشتە بازاڕ

فستەقی تەڕ کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی زۆربەی جووتیارانی عەنتاب، بە مەبەستی فرۆشتن لەسەر مێزەکانی بازاڕ دەخرێنە روو.

ساڵی رابردوو، فستەقی تەڕی توێکڵدار، نرخەکەی بۆ ١٥ لیرە دابەزی، بەڵام ئەمساڵ یەک کیلۆگرامی بە ٢٥ لیرە دەفرۆشرێت.

فستەقفرۆش، مستەفا دەمیرکۆڵ بە ئانادۆڵوی راگەیاند، بە هۆی کەمی بەرهەمی ئەمساڵ نرخی فستەق بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو کەمێک بەرزبۆتەوە.

مستەفا دەمیرکۆڵ ئاماژەی بەوە دا کە وێڕای بەرزبوونەوەی نرخی فستەق بەڵام خواستی زۆری لەسەرە و، وتی: “فستەقی عەنتاب دانسقەیە، تاکو ئێستا زۆرترین خواست لەسەر فستەقی تەڕی توێکڵداری عەنتابە”.

وشکەفرۆش، ئاکن ئۆزدەدە ئاماژەی بەوە دا کە نرخی فستەق ٢٥ لیرەیە (حەوت دۆلار) و، گوتی: “لەگەڵ تێپەڕینی کات ئەم نرخە دادەبەزێت. لە راستیدا بە شێوەیەکی گشتیی نرخی فستەق گرانە. بەڵام هەر خواستی زۆری لەسەرە”.

هاووڵاتیی، حوسەین چەلیک تیشکی خستە سەر ئەوەی کە نرخی فستەق نرخێکی ئاساییە و، وتی: “بە هۆی ئەوەی بەرهەمەکە تازە هاتۆتە بازاڕ بە ٢٥ لیرەیە”.

بەڵام محەمەد شاکیر شەربەتچی ئاماژەی بەوە دا کە بە هۆی گرانی نرخی فستەقەوە نەیتوانییوە تامیشی بکات و چاوەڕێی دابەزینی نرخەکەیەتی تاکو بتوانێت بیکڕێت.