لە هەڵەبجە ڕێژەی فرۆشتنی زێڕ زۆر بەرزترە لە کڕینی

زەڕەنگەرەکانی بازاڕی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکەن کە ماوەی چەند مانگێكە ڕێژەی فرۆشتنی زێڕ لەلایەن هاوڵاتیانەوە زۆر بەرز بووەتەوە و کەم خەڵک هەیە زێڕ بکڕێت، ژنێكیش ئاماژە بەوە دەكات دواکەوتنی مووچە و خراپی باری دارایی خەڵک وایکردووە زێڕەکانیان بفرۆشن.
 
بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی و دارایی هەرێم و دواكەوتنی مووچە، بوەتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان دەست بە فرۆشتنی پێداویستییە کەسییەکانیان بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەكانی ژیانی رۆژانەیان.

شەیماحەسەن، یەكێك لەو ژنانەی کە هاتبووە دوکانی زێڕینگرێک بۆ ئەوەی زێڕەکانی بفرۆشێت دەڵیت: ئێستا ژنان زێڕەکانیان دەفرۆشن، لە جیاتی ئەوەی زێڕ بكڕن، چونكە سەرەڕای ئەوەی كە هاوڵاتیان باری ژیان و گوزەرانیان زۆر خراپە و مووچە لەكاتی خۆیدا نادرێت، ئەوەشی كە دەدرێت بەشی پێداویستییەكانی ژیانی خەڵک ناكات، لەهەمان كاتیشدا هاوڵاتیان متمانەیان بەم دۆخە نییە و نازانن سبەینێ‌ چی ڕوودەدات.
 
ئەوەشی خستەڕوو، من خۆم ئەمڕۆ هاتومەتە ئەم دوكانە بۆ ئەوەی هەرچی زێڕمان هەیە بیفرۆشم، چونكە پارە لەماڵماندا نییە، بۆیە ناچارم بۆ ئەوەی تووشی قەرز نەبین بیر لە فرۆشتنەوەی ئەو پارچە زێڕەم بکەمەوە، ماڵی وەهاش هەیە كە پێداویستییەكانی ناوماڵی دەفرۆشێت بۆ دابینكردنی پێداویستییە گرنگەكانی ژیان.
 
حەسەن عومەر، زەڕەنگەرێکی بازاڕی هەڵەبجەیە، ڕاگەیاند: لە وەتەی قەیرانی دارایی سەریهەڵداوە، گۆڕانكارییەكی زۆریش بەسەر بازاڕو كاری ئێمەدا هاتووە، بەجۆرێك ڕۆژانە هاوڵاتییەكی زۆر ڕوومان تێدەكات بۆ فرۆشتنی زێڕو زیوەكانیان، ڕۆژی واهەیە خەڵک ئەوەندە دێنە لامان بۆ فرۆشتنی زێڕەكانیان، پارە لە قاسەکانماندا نامێنێت.
 
ئەو زەڕەنگەرە وتیشی: بەهۆی دواکەوتنی مووچەی ئەم مانگە، ئەم چەند ڕۆژە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی دێنە بازاڕی زەڕەنگرەکان، بۆ فرۆشتنی زێڕ دێن، تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمیان زێڕ دەکڕن.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پێش قەیرانی دارایی، کە كوڕ و كچێك هاوسەرگیریان دەكرد، ٢٥ بۆ40 مسقاڵ زێڕ دەکڕا بۆ بووکەخان، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیەش دابەزیوە بۆ 10 بۆ 15 مسقاڵ زێر.
 
ئەو زەڕەنگەرەی بازاڕی هەڵەبجە ڕای خۆیشی لەبارەی هۆکاری ئەو دۆخەی بازاڕ دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد: ئێستا هاوڵاتیان جۆرە ترسێكیان لەلا دروستبووە، پێیان باشە زێڕ و زیو بفرۆشن و بیكەنەوە بە پارە، چونكە ئەم حزبە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان دۆخێكیان هێناوەتە كایەوە كەس لەژیانی خۆی دڵنیا نییە.