ئه‌مریکا به‌هۆی تاقی کردنه‌وه‌ مووشه‌کەوە کۆمپانیا ئێرانیەکانی گه‌ماڕۆ دایەوە


وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مریکا ژماره‌یه‌ک ڕێکخراوی ئێرانی به‌ هۆی تاقی کردنه‌وه‌ی مووشه‌کی سیمورغ گه‌ماڕۆ دا.

وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مریکا له‌ کاردانه‌وه‌ به‌ تاقی کردنه‌وه‌ی مووشه‌کی سیمورغ که‌ مانگی ده‌ستکرد ده‌گوازێته‌وه‌، ژماره‌یه‌ک ڕێکخراوی ئێرانی له‌ خشته‌ی گه‌ماڕۆکانی خۆیدا گونجاند.

وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ هۆکاری ئه‌م گه‌ماڕۆیانه‌ تاقی کردنه‌وه‌ی مووشه‌کێک بوو که‌ مانگی ده‌ستکرد بۆ گه‌ردوون ده‌گوازێته‌وه‌ و ئه‌م کاره‌ی به‌ کارێکی نابه‌جێ وه‌سف کردووه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی وه‌زاره‌تی خه‌زانه‌داری ئه‌مریکادا هاتووه‌ که‌ سه‌رجه‌م دارایی و پاره‌ی ئه‌م 6 ڕێکخراوه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئاستی ئه‌مریکا ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیردرێت و ئه‌مریکاییه‌کانیش له‌ بازه‌رگانی کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێکخراوانه‌ قه‌ده‌غه‌ کراون.

ئه‌م 6 ڕێکخراوه‌یه‌ بریتین له‌:

کۆمپانیای شه‌هید که‌ریمی

کۆمپانیای شه‌هید ڕه‌ستگار

کۆمپانیای شه‌هید چراغی

کۆمپانیای شه‌هید وه‌رامینی

کۆمپانیای شه‌هید که‌لهوڕ

کۆمپانیای ئه‌میرول موئمنین (د.خ)

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ڕیاگه‌یاند که‌ تاقی کردنه‌وه‌ی مووشه‌کی سیمورغ ئه‌منیه‌تی ناوچه‌که‌ تووشی ناسه‌قامگیری ده‌کات و ئه‌مریکا ئه‌م کاره‌ به‌ پێشێل کردنی ڕێکەوتنەکان وه‌سف ده‌کات.

شایانی باسه‌ که‌ ڕۆژی پێنج شه‌مه‌ بنکه‌ی گه‌ردوونی ئیمام خومه‌ینی (ره‌) مووشه‌کێکی جۆری سیمورغی تاقی کرده‌وه‌ که‌ ده‌توانێت مانگی ده‌ست کرد له‌ ئاسمان جێگیر بکات.

به‌هرام قاسمی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌مباره‌وه‌ وتی: ئێران پێشتریش ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌ زانستیانه‌ی ئه‌نجام داوه‌ و مانگی ده‌ستکردی ڕه‌وانه‌ی گه‌ردوون کردووه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی مافی هه‌ر وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ و که‌س ناتوانێت ئه‌م مافه‌ له‌ خه‌ڵکی ئێران قه‌ده‌غه‌ بکات.

ئه‌م گه‌ماڕۆیانه‌ له‌ حاڵێکدا ئه‌نجام ده‌بێت که‌ دوو ڕۆژ پێش ئێستا کۆنگرێسی ئه‌مریکا له‌ میانه‌ی پڕۆژه‌ یاسایه‌ک چه‌ندین جۆره‌ گه‌ماڕۆی دیکه‌ی به‌ سه‌ر ئێراندا سه‌پاند.