ئێران گه‌وره‌ترین عه‌مباری‌ غازی‌ سروشتی‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كرده‌وه‌

ئێران گه‌وره‌ترین عه‌مباری‌ غازی‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كرده‌وه‌. به‌پێی‌ راپۆرتێك كه‌ ئاژانسی‌ هه‌واڵی میهری‌ ئێرانی‌ بڵاویكرده‌وه‌، به‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م عه‌مباره‌ غازییه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی‌ سه‌راجه‌، ئێران ده‌بێته‌ یه‌كه‌م وڵات له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ خاوه‌نی‌ عه‌مباری‌ غاز بێت. به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ كێڵگه‌ی‌ غازی‌ سه‌راجه‌ له‌ساڵی‌ هه‌زار و نۆسه‌د و په‌نجا و هه‌شت دۆزرایه‌وه‌ ‌و یه‌ده‌گی‌ غازی‌ سروشتی‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی‌ سێسه‌د و چل ملیار مه‌تر سێجا. جێی ئاماژه‌یه‌ له‌میانه‌ی كردنه‌وه‌ی ئه‌و عه‌مباره‌ مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌رۆكی ئێران ئاماده‌بوو رایگه‌یاند ، به‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و عه‌مباره‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ غازی‌ سروشتی‌ له‌كێڵگه‌ی‌ بارسی‌ باشوور له‌ كه‌نداو له‌ماوه‌ی‌ پێنج مانگی‌ داهاتوودا دوو هێنده‌ زیاد ده‌كات و نۆسه‌د و بیست و پێنج شارو چوارده‌ هه‌زار گوند له‌ سه‌رانسه‌ری‌ ئێران به‌تۆڕی‌ غازی‌ سروشتی‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌دا نه‌وه‌دو شه‌شی‌ دانیشتوانی‌ شاره‌كان ‌و سه‌دا په‌نجا و پێنجی‌ گوندنشینان بۆ دابینكردنی‌ پێداویستیه‌كانیان له‌ وزه‌ سود له‌ غازی‌ سروشتی‌ وه‌رده‌گرن.