ساڵانە بەبڕی 5 ملیۆن دۆلار پەنیری پیتزا دەهێنرێتە سلێمانییەوە

ساڵانە بڕی زیاتر لە5 ملیۆن دۆلار پەنیری پیتزا دەهێنێتە سلێمانیەوە، بەڕێوەبەری هاوردەی ئەم كۆمپانیایە دەڵێت “ساڵا بەساڵا خواست لەسەر پەنیری پیتزا زیاتر دەبێت، فرۆشی ئەمساڵمان لەپار زیاتر بوو”.
كۆمپانیای بورهان بۆ بازرگانی گشتی سەرەكیترین كۆمپانیای هێنانی پەنیری پیتزایە لەسلێمانیدا، كە هەموو مانگێك زیاتر لەتەنێك پەنیر هاوردەی سلێمانی دەكات، بەڕێوەبەری هاوردەی كۆمپانیای بورهان “ئیسماعیل عوسمان سابیر” بەگۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند كە كۆمپانیایەكەیان بەپلەی یەكەم چەند جۆرێك لەپەنیر دەهێنێت كە زۆربەیان بۆ دروست كردنی پیتزا بەكاردەهێنرێن. ئەو وتی “وەكالەتی چەند جۆرە پەنێرێكی ئەڵمانی‌و فەرەنسی‌و بەلجیكی‌و ئەرجەنتینیمان وەرگرتووە‌و ساڵانە بڕی زیاتر لە5 ملیۆن دۆلار پەنیر دەهێنینە سلێمانیەوە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە پەنیرە ئەڵمانیاكە كوالێتی پلە یەكە‌و ،زیاتر سەرف دەبێت، هەروەها ئێمە پەنیری بەلجیكی‌و هاڕاوی فەرەنسی‌و ئەرجەنتینیش دەیهێنین، كە جگە لەچێشتخانەو شوێنەكانی تایبەت بەدروستكردنی پیتزا، دوكانی شیرەمەنیش بۆ كونافە بەكاریاندەهێنین، قەبارەو نرخەكانیان هەر لەم جۆرە پەنیرانەش جیاوازە، هەمانە لەشێوەی بلۆك‌و خشتدایەو هەشمانە هاڕاوەو لەكیسەدایە. 
بەڕێوەبەری هاوردەی ئەم كۆمپانیایە بسای لەوە كرد كە هەموو بارەكانیان لەڕێگەی دەریایی‌و وشكانیەوە دەهێنن لەبەرئەوەی زۆر هەرزان‌و كەمتری تێدەچێت، هەمووی یان بەشێوەی كۆنتێنەر لەڕێی دەریاوە بۆ توركیاو لەوێشەوە بەشاحینە دێتە هەرێمەوە، یان دێتە ئێران‌و لەوێشەوە بەشاحینە دەگوازرێتەوە بۆ كوردستان.
ئەو وتی “ئێمە مانگانە زیاتر لەتەنێك پەنیری پیتزا دەهێنین، بەڵام هەمووی بۆ سلێمانی نییە، نزیكەی 30% بۆ سلێمانیە‌و ئەودوای دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕەكانی كەركوك‌و بەغداو موسڵا‌و شارەكانی دیكەی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق”.
وتیشی “ساڵا بەساڵا خواست  لەسەر پەنیری پیتزا زیاتر دەبێت، ئەمساڵا فرۆشمان لەپار زیاتر بوو”.