خاوەنی کۆمپانیایی دۆلفین سی: فرۆشمان بیست قات زیادی کردوە، نرخەکانیشمان زیادی نەکردوە


خاوەنی کۆمپانیایی دۆلفین سی ڕایدەگەیەنێت بەهۆی بڵاوبونەوەی دەنگۆی داخستنی سنورەکانەوە فرۆشمان بیست قات زیادی کردوە، نرخەکانیشمان زیادی نەکردوە.

دارا عەلی حەسەن، بازرگانی ناسراوی شاری سلێمانی، کە کۆمپانیاکەی یەکێکە لەکۆمپانیا بەناوبانگەکانی بواری خۆراک بەماڵپەڕی بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی راگەیاند ”لەکاتی بڵاوبونەوەی دەنگۆی داخستنی سنورەکان‌و سەرهەڵدانی گرانی‌و ترسی خەڵک لەدەرئەنجامەکانی ریفراندۆم فرۆشمان بەرێژەی لەسەدا دوو هەزار زیادی کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە مەترسیەک لەئارادا بێت‌و نرخی هیچ مادەیەکی خۆراکی زیادی کرد بێت”.

ناوبراو سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بەپاگەندەی داخستنی سنورەکان دەربڕی کە دوورە لەڕاستییەوەو بێ بنەمایە، ئەو وتی “نازانم خەڵک لەچی دەترسن کۆگاکانمان پڕە لەخۆراک‌و  پێداویستی بازاڕو مارکێتەکانمان پڕکردۆتەوە، رۆژانەش مادە خۆراکیەکان لەرێگەی دەروازە سنوریەکانەوە هاوردە دەکەین بەبێ ئەوەی هیچ کێشەو گیروگرفتێکمان هەبێت”.

ئەو بازرگانەی بواری خۆراک باسی لەوەش کرد ”دوای بڵاوبونەوەی ڕونکردنەوەکەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، بازار وەک دۆخی جارانی لێهاتۆتەوەو ترسی خەڵک رەویوەتەوە، بەجۆرکێک فرۆشیار هەبووە داوای ١٠ تەن خۆراکی کردوە، دوای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکەی ژوور لەداواکەی پاشگەز بۆتەوە”.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رۆژانە لەپەیوەندیدایە لەگەڵ سەرجەم ئەو بازرگانە کوردانەی کە لەعێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن بەمەبەستی ئاگادار بوون لەکێشە و گرفتەکانیان‌و دۆزینەوەی رێگەچارەسەری گونجاو بۆیان.

ئا: رێژەن