وەزیری نەوتی عیراق بۆ تاووتوێكردنی راكێشانی بۆری نەوتی كەركوك بۆ ئێرانو هاوردەكردنی غازی سروشتی سەردانی تاران دەكات.
بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عیراق لەتاران رایگەیاند، وڵاتەكەی لێكۆڵینەوە لە هاوردەكردنو نەوتی عیراقو پاڵاوتنی لەپاڵاوگەكانی ئێران دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا لەسەر دیاریكردنی راوێژكارێك بۆ رێككەوتوون.
زەنگەنە تەئكیدیكردوە، تەوەرێكی گفتوگۆكانیان تایبەت بووە بە ڕاكێشانی بۆری نەوتی كەركوك بۆ ئێران، كە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوەو ئەمڕۆش بڕیار لەسەر پرۆسەی جێبەجێكردنی ئەو هێڵە دراوە.
وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، هەردوولا لەسەر ئەو رێككەوتوین كە كۆمپانیایەكی راوێژكاری نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی راكێشانی ئەو هێڵە بكاتو بڕیارە رێوشوێنەكانی دەستپێكردنی ئەو پرۆژەیە پێشكەش بە هەردوو وڵات بكات.
سەبارەت بە هەناردەكردنی غاز بۆ عیراق بێژەن زەنگەنە وتیشی، لەچەند مانگی داهاتوودا بۆری هەناردەكردنی غاز بۆ بەسرە دەكەوێتە كار.