سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ئەمریکا و تورکیا لەسەر پرۆسەی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی تورکیا لە واشنتن راگەیاند “وا دیارە پێشکەوتنەکانی تورکیا لە پرۆژە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بەدڵی بەغدا و واشنتن نییە.”
نامیق تان، باڵیۆزی تورکیا لە ئەمریکا باسی نیگەرانیەکانی بەرپرسانی ئەمریکا دەکات بەرامبەر تورکیا کە پێیان وایە “هاوکاری دابەشکردنی عێراق دەکات” و دەڵێت “ئایا گونجاوەبۆ وڵاتێک کە داهاتی تاکەکانی سێ تا چوار بەرابەر زیادی کردووە، پشت بکاتە سەرچاوە نەوتییەکانی وڵاتێکی هاوسێی؟ قسەکانم تایبەت نین بە سنووری هەرێمی کوردستان، بەڵکو باشووریش. عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە. تورکیا ناتوانێت ئەوە لەبەرچاو نەگرێت، بەڵام دەشمانەوێت بەپێی دەستوری عێراق بازرگانی بکەین، لەسەر بنەمایەکی یاسایی”.
تان هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە زیاتر لە 40 کۆمپانیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ئەوەش راستییەکە پێچەوانەی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکایەو کۆمپانیا ئەمریکییەکان تەنانەت پەیڕەوی لە رێنماییەکانی وڵاتی خۆشیان ناکەن.
لەمدواییانەدا ئیدارەی باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا لە چەند لێدوانێکدا نیگەرانی ئەمریکایان دەربڕیوە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی زیاتری تورکیا و هەرێمی کوردستان.
باڵیۆزی تورکیا لە ئەمریکا سەرسامی خۆی دەربڕی لەوەی چەندین کۆمپانیا لەچەند وڵاتی جیاوازەوە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کەچی ئەمریکا داوا دەکات کۆمپانیا تورکییەکان جموجۆڵیان رابگرن.
نامیق تان لەوبارەوە گوتی “داواکارییەکی بێمانایە. گەر وا دەزانن دەتوانن رازیمان بکەن پشتبکەینە سەرچاوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و بچینە لاوە، ئەوا شتی وا روونادات.”
هەر بۆ تاووتوێ کردنی ئەم پرسە، هەفتەی داهاتوو وەفدێکی تورکی کە پێکهاتووە لە وەزارەتی دەرەو و ەزارەتی وزەی تورکیا سەردانی ئەمریکا دەکات و ئەگەری ئەوەش هەیە لەگەڵ جۆن کێری، کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بگرێتە دەست، پرسی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە باس بکەن.