هیندستان دزی‌ نه‌وت ده‌ستگیر ده‌كات ‌

به‌رپرسێك له‌ پۆلیسی‌ ویلایه‌تی‌ راجستانی‌ هیندستان به‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ راگه‌یاند، هێزه‌كانیان توانیویانه‌ باندێكی‌ دزی‌ نه‌وت ئاشكرا بكه‌ن كه‌ تا ئێستا 50 ملیۆن لیتر نه‌وتی‌ خاویان دزیوه‌، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ تانكه‌ری‌ ئاوه‌وه‌.

به‌ پێی‌ كه‌ناوڵه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ راگه‌یاندن، ماوه‌ی‌ شه‌ش ساڵه‌ له‌ كێڵگه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ نه‌وت له‌ بیابانی‌ خۆرئاوای‌ ئه‌و ویلایه‌ته‌ به‌رده‌وام دزی‌ ده‌كرێت، له‌م ماوه‌یه‌دا پۆلیس 25 كه‌سیان ده‌ستگیر كردووه‌‌و مه‌سه‌له‌كه‌ ئاشكرا بووه‌، ئه‌و نه‌وته‌ی‌ تا ئێستاش دزراوه‌، نرخه‌كه‌ی‌ به‌ حه‌وت ملیۆن‌و 750 هه‌زار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.

فه‌رمانده‌ی‌ پۆلیسی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ رایگه‌یاند، هێشتا 75 كه‌سی‌ تر ماوه‌ ده‌ستگیر بكرێت، كه‌ به‌شدارن له‌و دزییه‌دا. دزییه‌كه‌شیان به‌هۆی‌ تانكه‌ری‌ ئاوه‌وه‌ كردووه‌، به‌ بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ كار بۆ كۆمپانیای ده‌رهێنانی‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و ئه‌م تانكه‌رانه‌ش به‌ حسابی‌ خۆیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ مۆڵه‌تیان هه‌یه‌ ئاوی‌ پیسی‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وته‌كه‌ فڕێ ده‌ده‌ن، به‌ڵام به‌ نهێنی‌ له‌ جیاتی‌ ئاو تانكه‌ره‌كانیان پڕ كردووه‌ له‌ نه‌وت‌و بردوویانه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی‌ نزیك كێڵگه‌ نه‌وته‌كه‌‌و له‌وێ له‌ عه‌مباری‌ ژێر زه‌ویدا شاردراوه‌ته‌وه‌.