بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد رەشید رایگەیاند “ئابووری عێراق ئابورییەكە تاسەر ئێسقان لەرزۆكە و كەموكوڕی و كێشەی گەورە لە هەیكەلی ئابووری عێراقدا هەیە. لە ئێستادا لە رووی قەرزەوە عێراق گەیشتووەتە هێڵی سوور كە بە هێڵێكی مەترسیدار دادەنرێت. لە رووی گەشەی ئابووریشەوە گەشەی ئابووری لە عێراقدا وەستاوە و تەنها توانای دابینكردنی مووچەی هەیە، ئەوەش بژێوی سەرەتای هاووڵاتییانە و هەموو هاووڵاتییانی وڵاتەكەش مووچەخۆر نین، بۆیە ئابووری عێراق لە پاشەكشەدایە و توانای ئەوەی نییە هیچ گەشەیەكی بەردەوام بكات لە ئێستادا”.
ئەحمەدی حاجی رەشید وتی: “بە پێی دواین بەڵگەنامە كە وەزارەتی دارایی رەوانەی كردووە بۆ ئێمە، قەرزی سەر عێراق گەیشتووەتە 111 ملیار و 725 ملیۆن دۆلار، ئەم قەرزەش ئەگەر دابەشی سەر دانیشتووانی عێراقی بكەیت كە ژمارەیان 36 ملیۆن كەسە، ئەوا هەموو منداڵێك كە تازەش لەدایك دەبێت شەش هەزار دۆلار لەو قەرزەی بەر دەكەوێت”.
ئەو هەروەها وتی: “ئەو قەرزانە هەندێكیان بە قەرزە خراپ و ناشایستەكان ناودەبرێت، چونكە ئەمانە لە رووی سیاسیەوە دەتوانرێت فشار بۆ عێراق دروست بكەن لە هەندێك بواردا، بۆیە قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی عێراق زیادی كردووە بە تایبەتی قەرزە ناوخۆییەكان هیچ سەرچاوەیەك نەماوە لە عێراق كە حكوومەتی عێراقی قەرزی لێبكات، بەوەی هەموو توانای بانكەكانی بەكارهێناوە بۆ بەكارهێنانی خۆی. روویەكی تری ئەو قەرزانە قەرزی ناڕاستەوخۆیە كە لە بانكی ناوەندی كراوە كە بە پێی ماددەی 26ی یاسای بانكی ناوەندی قەرزكردن لە بانكی ناوەندی نەشیاوە و نابێت بە هیچ شێوەیەك قەرز بدرێت بە حكوومەت، بەڵام بانكی ناوەندی كە قەرز دەداتە بانكەكان، حكوومەتی عێراقی دەچێت لەو بانكانەی وەردەگرێت، ئەوەش قەرزێكی ناڕاستەوخۆیە”.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی كرد بەوەی کە یەدەگی دراوی نەختینەی عێراقی لە 80 ملیار دۆلارەوە بۆ 45 ملیار دۆلار دابەزیوە، هەموو ئەو قەرزانەش بە رێگایەكی ناڕاستەوخۆ دراونەتە حكوومەتی عێراقی ، بەوەش یەدەگی دراوی عێراقی لە 40 ملیار دۆلار نزیك دەبێتەوە و بەرەو ئاماژەیەكی خراپ هەنگاو دەنێت.
ئەحمەد حاجی رەشید كە هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی تێچووی ئاوەدانكردنەوەی شارە سوننیەكانی عێراق دوای داروخانیان بە هۆی شەڕی داعشەوە و ئامادەیی حكوومەتی عێراقی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارانە دوا.
ئەو وتی: “حكوومەتی عێراقی لە ئێستادا توانای ئەوەی نییە و بەو دۆخە ئابوورییەی هەیەتی ناتوانێت ئەم شارانە ئاوەدان بكاتەوە، لە كاتێكدا شارێكی وەك رومادی 80 لەسەدی وێران بووە و شارەكانی تری مووسڵ و فەلـلوجەش بە هەمان شێوەیە ، ناوچەی سوننی بەو پێیەی كاتی خۆی لە سەردەمی رژێمی پێشوی عێراق (سەدام حسێن) جۆرێك لە سەرمایە لە سنووری شارە سوننیەكان كۆبووەتەوە، بۆ ماوەی چەند ساڵێك كار لەسەر ئەوە كراوە ئەم سەرمایە لەم ناوچەیەدا نەمێنێت، ئەوەش بەهەر شێوەیەك بێت لە رێگەی كۆچ پێكردنیان بەرەو دەرەوەی عێراق یان لە ناوخۆی خۆیدا خەرجی بكات لە رێگەی ئاوارەكان كە هەرچییان هەبووە خەرجیان كردووە و هەرچی ژێرخانی ئابورییەكەیان هەیە لەدەستیان داوە، بە پێی بەڵگە نەویستێكی ئابووریش دەڵێت هەركەس دارایی لەدەستبوو دەسەڵاتیشی لەژێردەستە، بۆیە شیعەكان لە هەوڵی ئەوەدان ژێرخانی ئابووری عێراق بەدەستەوە بگرێت تاوەكو بەردەوام دەسەڵاتیشی لەژێر دەست بێت و بمێننەوە”.
ئەحمەد حاجی رەشید هەروەها وتی: “ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە زیاد لە 50 ملیار دۆلاری پێویستە و لە ئێستاشدا عێراق ئەو توانایەی نییە و تەنها دەبێت پەنا بباتە بەر قەرزی دەرەكی، ئامادەش نییە قەرز بۆ ناوچەیەك بكات كە گومانی هەیە لەوەی تا كەی لەگەڵی دەمێنێتەوە، چونكە ئاشكرایە كە سوننەكان بە نیازی ئەوەن هەرێمێك بۆ خۆیان جیا بكەنەوە و دووریش نییە عێراق بۆ چەند وڵاتێك دابەش بێت و دواتریش عێراق دەكەوێتە ژێر بەرپرسیارێتی ئەو قەرزانەوە. بۆیە سیاسییە عێراقییەكان بە تایبەتی لایەنی شیعە ئامادە نابن لەسەر قەرزی عێراق ئەو ناوچانە ئاوەدان بكەنەوە، دەكرێت وڵاتە كۆمەك بەخشەكان بێنە پێشەوە بە تایبەت ئەو وڵاتانەی كە هاوكاری ئەهلی سوننە دەكەن، ئەوەش بۆ خۆی بە بێ باجدان ناكرێت، بۆیە لە ئێستادا نە عێراق توانای ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارانەی هەیە ، نە ئامادەشە ئەو كارە بكات و وڵاتانی كۆمەك بەخشیش تا ئێستا نەهاتوونەتە پێشەوە”.