ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ هاوڵاتیان له‌نه‌بونی‌ كێشه‌ی‌ خۆراك دڵنیا ده‌كاته‌وه‌

 
ماوه‌یه‌كه‌ پاگه‌نده‌ی‌ نابه‌رپرسانه‌ سه‌باره‌ت به‌سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌ی‌ خۆراك‌ و کەمی‌ و گرانبونی كاڵاو كه‌لوپه‌لی‌ پێویست له‌كوردستاندا ده‌كرێت، ئه‌م جۆره‌ پاگه‌ندانه‌ هه‌ر مه‌رام‌و ئامانجێك له‌پشتیانەوە بێت، جگه‌ له‌خزمه‌تكردن به‌ناحه‌زانی‌ كوردستان‌ و زیان گەیاندن بە هاوڵاتیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ هیچ شتێكی‌ دیكه‌ی‌ لێ چاوه‌ڕوان ناكرێت.

ژووری‌ بازرگانی‌‌ و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ به‌توندی‌ ئه‌و پاگه‌ندانه‌‌ و بونی‌ هه‌ر جۆره‌ كێشه‌یه‌ك له‌كاری‌ بازرگانی‌‌ وهاورده‌كردندا ره‌تده‌كاته‌وه‌، هاوڵاتیانی‌ كوردستان له‌وه‌ دڵنیاده‌كات كه‌ كاری‌ بازرگانی‌‌ و هاورده‌كردنی‌ خۆراك‌ و كه‌لوپه‌ل ‌بێ‌ هیچ جۆره‌ كێشه‌و گرفتێك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، تا ئێستا تێبینی‌ رێگریی‌ له‌هاورده‌كردنی‌ هیچ جۆره‌ خۆراك‌و كاڵایه‌كی‌ پێویستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نه‌كراوه‌، چالاكی‌ بازرگانی‌ له‌هه‌موو ده‌روازه‌ سنورییەكانی‌ هه‌رێم‌، له‌ڕێگه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ ئه‌نجام ده‌درێت‌ و جموجۆڵی‌ بازرگانی‌ چالاكه‌.

ژووری‌ بازرگانی‌‌ و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ داوا له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات كه‌ لێپێچینه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ بكه‌ن به‌م جۆره‌ پاگه‌ندانه‌یان كاریگه‌ریی‌ خراپ ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ره‌وتی‌ بازرگانی‌‌ و ئیش‌ و كاری‌ بازاڕ‌ و ئابوری‌ كوردستان‌و ‌لێدوانه‌ بێ‌ بنه‌ما و نابەرپرسانەکانیان دەبێتە مایەی ترس‌ و دڵه‌ڕاوكێ‌ له‌لای‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان، لەکاتێکدا رەوتی بازرگانی بەبێ کێشە و گرفت بەڕێوەدەچێت.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕۆژانە لەگەڵ بەرپرسانی شاری سلێمانی قائیمقام و پارێزگاردا کۆبونەوە دەکات و چاودێری تەواوی بازاڕ دەكەن و خۆراکێکی یەکجار زۆر لەشاردا ھەیە و ھەر ناوچەو شارێک کەمی خۆراکی ھەبێت دەتوانین بۆی ڕەوانەبکەین ، ڕۆژانە بە سەدان ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر لە سنورەکانەوە دێنە کوردستانەوە بەبێ کێشە ھەموو پێداویستیەکانی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان زۆرە و بەردەستە.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داواش دەکات حکومەت لێپرسینەوە لەو ڕێکخراوانە بکات کە وەک بازرگان خۆیان دەناسێنن و کاری نایاسای و قسەی نایاسایی دەکەن لەسەر ڕەوشی بازاڕ و ترس دەخەنە ناو خەڵکی کوردستانەوە.

ژووری‌ بازرگانی‌‌و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ 
27/7/2017