ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی: ھیچ گرفتێک لە ھەناردەکردنی خۆراک و مادەی بیناسازی بۆ موسڵ نیە


ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ھیچ کێشەو گرفتێک لە ھەناردەکردنی خۆراک و کەرەستەی بیناسازیدا نیە بۆ شاری موسڵ، بازرگانی سلێمانی  بەردەوامن لە ھەناردەکردنی کاڵا و شتومەک بۆ شاری موسڵ.

سیروان محەمەد, سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت “ھیچ کێشە و ڕێگری کردنێک نیە لەبەردەم ھەناردەکردن و ڕۆشتنی خۆراک و شیش و چیمەنتۆ بۆ شاری موسڵ بەردەوام کاری بازرگانی ھەیە و بازرگانان و خاوەن کارەکان بازرگانی خۆیان دەکەن”.

ڕاشیگەیاند “ڕێگری کردن لە مادە خۆراکیەکان و بیناسازیدا نیە تەنھا لە ڕۆشتنی جگەرەدا بۆ ھەرکارتۆنێت ٣٠ دۆلار وەردەگیرێت ئەو پارەیەش ھیچ پسوڵەیەکی لەگەڵ نیە کە ئەمە وەک باندێک وایە پارە وەردەگرن بۆیە ئەگەر ئەمە چارەسەر نەکرێت مەترسی بۆئەو مادانەی تریش دروست دەکات کە هەناردەی موسڵ دەکرێت”.

سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشدا “بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و گومرگمان لەو کێشە ئاگادار کردۆتەوە کەپارە وەر دەگیرێت لەکاتی ڕۆشتنی جگەرەدا ئەوانیش بێ ئاگای خۆیان دەربڕیوە لەوەرگرتنی ئەو پارەیە”.

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوا دەکات حکومەتی ھەرێم ئەو دیاردەیە نەھێڵێت و دەست بگرێت بەسەر ئەو باندەدا تا کێشەی تر دروست نەبێت لەکەرتی بازرگانی و پیشەسازیدا.