نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەكی گەورەی لەبازاڕەكانی جیهان تۆماركرد، ئەوەش دوای ئەو زنجیرە دابەزینەی هەفتەی رابردوو لەنرخەكەی.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز لەكۆتا مامەڵەكانی رۆژ نرخی نەوت بەڕێژەی 3% بەرزبووەتەوە، كە ئەوە بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوە، كە لەچەند رۆژی رابردوو تۆماریكردووە.
هەر بەپێی ئاژانسەكە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەیوەندی بەهەڵوێستی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتەوە هەیە، كە ئاماژەییان نیشانداوە بەرهەمی نەوتی كەمبكەنەوە، بەتایبەتی سعودییە.
ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، كە نرخی نەوتی برێنتی جیهانی 1.60 دۆلار بەرێژەی 3.3% بەرزبووەتەوەو هەر بەرمیلێكی بە 50.20 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە، كە ئەوە یەكەم جارە ئەو نرخە تۆماردەكات، ئەوەش لەشەشی حوزەیرانی رابردووەوە.
ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، نرخی نەوتی پێوانەیی ئەمریكا، كە نەوتی سوكی رۆژئاوای تەكساسی ئەو وڵاتەیە، 1.55 دۆلار بەرێژەی 3.3% بەرزبووەتەوەو هەر بەرمیلێكی بە 47.89 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە لەچەند هەفتەی رابردوو بەهۆی زۆری بەرهەمو كەمبوونەوەی خواست لەسەری نرخی نەوت رۆژانە رووی لەدابەزین دەكرد، ئەمەش وای لەوڵاتانی بەرهەمهێن كرد كۆببنەوەو بڕیاری كەمكردنەوەی بەرهەم بدەن.