ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی کوردستان وۆرکشۆپێکیان ئەنجامدا

ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، وۆرکشۆپێک لەبارەی فێرکردنی تەکنیکی و راهێنانی پیشەیی سازدەکات.

بابان حەمە سور ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند “لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر هەرسێ لقی ژووری بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لەگەڵ ستافێکی رێکخراوێکی یونسکۆ وۆرکشۆپێک سازکرا کە چەند تەوەرێکی لەخۆ گرتبوو،  کەرتی پیشەسازی، نەوت، کشتوکاڵ و چەند تەوەرێکی دیکە”.

لەبارەی ئامانجی سەرەکی رێکخستنی وۆرکشۆپەکە ڕایگەیاند “رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆگرامێکی چاکسازی لەخۆ گرتووە لەبارەی فێرکردنی تەکنیکی و راهێنانی پیشەیی، بە کۆمەکی دارایی یەکێتی ئەوروپا لە کوردستان و عێراق”.

وتیشی” هەرسێ ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، لەگەڵ نوێنەری چەند کۆمپانیایەک پەیوەندیدار بە بابەتەکانی نەوت و پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار ئامادەی وۆرکشۆپەکە بوون، کە تێیدا رێکخراوی یونسکۆ پرۆگرامەکەی بۆ ئامادەبووان شیکردەوە و راوبۆچوونیان لەبارەیەوە وەرگیرا بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ژوور ئاماژە بەوەش دەکات” مەبەستمانە کادیری پیشەیی و راهێنراو لە کەرتی تایبەت دابمەزرێنین، وەکو وەبەرهێنانێکی دەرامەتی مرۆییە، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر بەرەوپێشبردنی ئابووری هەیە”.

ستافەکەی رێکخراوی یونسکۆ ستافێکی پێنج کەسیین، هەر یەکێکیان لە یەکێک لەو کەرتانەی باسکران پسپۆر و شارەزاییان ھەیە.