لەشاری سلێمانی سیستمێکی نوێی گواستنەوەی ھاوڵاتیان کاری پێدەکرێت و لەشەوانیشدا پاس لەھێڵەکانی ناوشاردا کاردەکات، بەرپرسێکی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی ھەرێمیش وردەکاریی ئەو سیستمە ئاشکرادەکات و ڕاشیدەگەیەنێت، “ئەو سستمە مانگێکی دیکە ناخایەنێت دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوەو گەیاندنی سلێمانی ڕاگەیاند، “لەئایندەیەکی نزیکدا سیستمێکی نوێ بۆ گواستنەوەی ھاوڵاتیان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، سیستمەکەش ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەرگرتوە، لەئێستادا نوسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە کردوە تا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی بکەن”.
وتیشی:”سیستمەکە بەو شێوەیەیە، دوای تەواوبونی پاسی گەراج لەناوشار کە تاوەکو ئێوارە کاردەکەن، کاتێک پاسەکانی ڕۆژ کۆتاییان بەکاریان ھێنا، گواستنەوەی شەوانی ھاوڵاتیان دەستپێدەکات، کە لەڕاپەڕینەوە بۆ ناوشار پاسەکان بەبەردەوامی ھاتوچۆ دەکەن و ھاوڵاتیان دەگوازنەوە”.
سەبارەت بەنرخی گواستنەوەی ھاوڵاتیان بەو سیستمە نوێیە ئاماژەی بەوەشکرد، “بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گواستنەوەو گەیاندن ی ھەرێم لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار نرخەکە دیاریدەکات، بەڵام چاوەڕواندەکرێت بەھەمان نرخی پاسی ڕۆژ ھاوڵاتیان بگوازنەوە”.
بەڕێوەبەری گواستنەوەو گەیاندنی سلێمانی زیاتر لەوبارەیەوە وتی:”لەبەرنامەماندا ھەیە بەمزوانە بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، بەدڵنیاییشەوە ناگاتە مانگێکی دیکە، چونکە ھەر ئەمڕۆ نوسراوم بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک پارێزگا، ھاتوچۆ، ئاسایش، سەندیکاو گواستنەوە کردوەو ھاتوچۆ ڕەزامەندی لەسەرداوە، تەنھا چاوەڕوانی گرێبەستی کۆمپانیاکەین، بۆ ئەوەی بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە”.
SNN