سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق؛ له‌باره‌ی دەرمان و پارەی گەنمەوە بەڵێن بە کورد دەدات

 پەرلەمان به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ هه‌مواری‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ فیدراڵی‌ (2017)ی‌ په‌سه‌ندكرد، پێش کۆبونەوەکەش عەبادی بەڵێنی خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران و ناردنی بەشە دەرمانی هەرێم دەدات.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هه‌مواری‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌  ساڵی (2017) پەسەند کرا، یه‌كێك له‌ خاڵه‌ گرنگه‌كانی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، زیادكردنی‌ بودجه‌ی‌ حاكیمه‌یه‌ كه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بودجه‌ی‌ ته‌رخانكراو بۆ ده‌رمان زیادده‌كرێت و هه‌رێمی‌ كوردستان له‌و زیادكردنه‌ سودمه‌ند ده‌بێت.

به‌ر له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌مواری‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ (2017)ی‌ عێراق، نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ لیژنه‌ی‌ دارایی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق و ئاڵا تاڵه‌بانی‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی‌ ده‌كرد، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كۆبونه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ به‌ڵێنی‌ به‌ نوێنه‌رانی‌ كورددا، له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا پاره‌ی‌ ده‌رمانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و پاره‌ی‌ گه‌نمی‌ جوتیارانی‌ هه‌رێم خه‌رج بكات، کە مه‌رجی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد بون بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌مواری‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ (2017)ی‌ عێراق.

به‌شێكی‌ دیکەی‌ بودجه‌ی‌ حاكیمه‌ كه‌ بڕیاردراوه‌ زیادبكرێت، تایبه‌ته‌ به‌ پاره‌ی‌ جوتیاران و به‌پێی‌ هه‌مواره‌كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ بۆ گه‌نمی‌ جوتیاران ته‌رخانكراوه‌ بڕی‌ ترلیۆنێك و (600) ملیار دیناری‌ بۆ زیادكراوه‌، له‌مه‌شدا جوتیارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سودمه‌ند ده‌بن، ئه‌گه‌ر پاره‌كه‌یان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ بۆ خه‌رج بكرێت.

بڕگەیەکی دیکەی‌ هه‌مواری‌ یاسای‌ بودجه‌کە، بڕی‌ (30) ملیار دیناری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆسه‌ر موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌.

دوابەدوای کۆبونەوەکە، سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق به‌بۆنه‌ی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ هه‌مواری‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ (2017)ەوه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ بڵاوكرده‌وه‌‌ و رایگه‌یاند: هه‌مواره‌كه‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان زامن ده‌كات و پێداویستییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با و نه‌وت و جوتیاران و ئاواره‌كانیش دابین ده‌كات.