بۆچی ڕەنگی زۆرینەی فڕۆكەكان سپیە؟

زۆرینەی فڕۆكەكان بە سپی بۆیاغ دەكرێن و پاشان لۆگۆی وڵات یان كۆمپانیاكەی لێدەدرێت، زۆر بەكەمی دەبینین كە فڕۆكەكان ڕەنگی تریان بۆ بەكاربهێنرێت، لە ڕووی تەكنەلۆژیاییەوە وەك ئۆتۆمبێل كارێكی قورس نیە گەر هەر ڕەنگێك بەكاربهێنرێت، كەواتە بۆ هەر سپی ؟!

دەربارەی بەكارهێنانی ڕەنگی سپی بۆ فڕۆكەكان فلۆریان زایدڵ وتەبێژی كۆمپانیای ئەیرباس بۆ دروستكردنی فڕۆكە ، دەڵێت ئەو كۆمپانیانەی فڕۆكەكە بەكاردەهێنن داوای ڕەنگەكان دەكەن، نەك كۆمپانیای دروستكەری فڕۆكەكە،بەڵام هۆكاری ئەوەی بۆچی زۆربەی كات داوای ڕەنگی سپی دەكەن، ئەوا چەند هۆكارێكی هەیە ،ئەندریاس شترومایەر لە دامەزراوەی دروستكردنی فڕۆكە لە زانكۆی شتوتگارت دەڵێت:هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ تیشكی خۆر، چونكە ڕەنگی سپی تیشكەكە دەداتەوە بە پێچەوانەی ڕەنگەكانی تر كە هەڵیدەمژن،ئەمەش بۆ ڕەنگەكانی تر دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی فڕۆكەكە ،بەمەش دەبێت فێنكەرەوەی فڕۆكەكە زیاتر كار پێبكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فڕۆكەكە سوتەمەنی زیاتر خەرج بكات،بۆیە تایبەتمەندی ڕەنگی سپی وایكردوە داواكاری زیاتری لەسەر بێت،بە تایبەت لە وڵاتە گەرمەكان.

فلۆریان زایدڵ وتەبێژی كۆمپانیای ئەیرباس ئاماژە بەوەش دەكات كە سەرباری گەرمی ڕەنگەكانی تر، خەرجی بۆیاخكردنیشیان زیاترە.

هەر سەبارەت بە ڕەنگی سپی فڕۆكەكان ماڵپەڕی كیورا ئاشكرای دەكات كە ڕەنگە تۆخەكانی تر دەبێتە هۆی زیاد كردنی كێشی فڕۆكەكان ، بەشێوەیەك كە 200 كیلۆگرام زیاترن لەو فڕۆكانی ڕەنگیان سپیە، بۆیە ڕەنگەكانی تر دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش و خەرجی زیاتر.